وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بڕی ئەو پارەیە ئاشكرادەكات، كە حكومەتی عێراق وەك شایستەی دارایی بۆ جوتیارانی هەرێم ڕەوانەی دەكات و جەختیشدەكاتەوە، هەفتەی داهاتوو پارەکە بەسەر جوتیاراندا دابەشدەکرێت.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بۆ میدیای حزبەكەی ڕایگەیاندووە، لەگەڵ عیراق گەیشتوینەتە ڕێککەوتنی کۆتایی و بڕیارە 107 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2023، ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
وتیشی، ” لەو 107 ملیار دینارە بڕی 50 ملیار دیناری بۆ سلێمانی و 32 ملیار دینار بۆ هەولێر و 25 ملیار دینار بۆ دهۆک دەبێت”.
ئاشکراشی کرد، سبەینێ چەکی پارەی 107 ملیاردینارەکە لە عێراق وەردەگیرێت و هەفتەی داهاتوو پارەکە بەسەر جوتیاراندا دابەشدەکرێت.
سەبارەت بەو جوتیارانەش، کە تائێستا شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە، کەمال موسلیم وتی، ” لە هەوڵی بەردەوامداین لەگەل بەغدا و لە ئایندەیەکی نزیکدا مافی ئەوانیش وەردەگرین و بەسەریاندا دابەشدەکەین”.