سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند، چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن تەنیا ڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوونە بەسەر ئاڵنگارییەكاندا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازی كرد لە سەتام جەدعان ئەلدندح، باڵیۆزی سوریا لە عیراق و لەدیدارەكەدا گەشەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان یەكێتی، هەرێمی كوردستان و سوریا جەختیلێكرایەوە، دۆخی گشتیی عیراق و ناوچەكە و بەردەوامیی هەوڵەكان بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی سەقامگیری گفتوگۆی لەبارەوەكرا.
لەبارەی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە و هەنگاوەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، فراوانكردنی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەكان فاكتەرێكی گرنگی سەركەوتنی هەوڵەكانە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی تیرۆریستان.
سەبارەت بە دۆخی سوریا و دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان بافڵ تاڵەبانی وتی، “چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن تەنیا ڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوونە بەسەر ئاڵنگارییەكاندا، لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجەشدا ئێمە هاوكار و پشتیوان دەبین”.
لە بەرامبەردا باڵیۆزی سوریا لە عیراق ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك مام جەلال كرد لە دانانی بناغەی پەیوەندیی مێژوویی نێوان سوریا و هەرێم و ڕایگەیاند، هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال لەیادناكەین و بەڕێزەوە یادی دەكەینەوە. بێگومان دەبێت بە هەمان ڕێڕەوی سەرۆك مام جەلالدا هەنگاوبنێین و پەیوەندییەكانمان بەرفراوانتر و هەماهەنگییەكانمان زیاتر بكرێن.