ئەمڕۆ، ڕۆژ ڕۆژی بایكۆت بوو



نیوەی مانگی 9 تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا مووچەی مانگەكانی 7 و 8ی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش نەكراوە و ئەوەش ناڕەزایی فراوانی مامۆستایان و فەرمانبەران و پزیشكان و چین و توێژەكانی لێ‌ كەوتۆتەوە و ئەمڕۆ بوو بە ڕۆژی بایكۆت و شكاندنی بێدەنگی لە ئاست بێخەمی دوو حكومەت (عێراق و هەرێم) بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان.

لە مانگی حوزەیران (6)دا بە دەنگی كورد یاسای بودجەی عێراق پەسەند كرا و بەرپرسانی هەرێم مژدانەی ئەوەیان بە گوێی هاووڵاتیاندا دا، كە ئیتر كێشەیەك بەناوی “كێشەی مووچە” نامێنێت و پارەیەكی زۆر لە بەغداوە دێت و نەوت ڕادەستی سۆمۆ دەكرێت و پڕۆژەكانیش دەبووژێتەوە، بەڵام هێندەی نەبرد هەموو شتێك پێچەوانە بووە و نەك پارە نەهات و كێشەی مووچە چارەسەر نەبوو، بگرە دواكەوتنی مووچە زیاتر بووە و تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی هەرێم قەرزداربار دەكرێت.

كێشەی دابەش نەكردنی مووچە تا دێت قورستر دەبێت و هەریەكە لە بەغدا و هەولێر یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە پابەند نەبوون بە بودجە و عێراق دەڵێت لە 6 مانگدا هەرێم 8 ترلیۆن زیاتری دەستكەوتووە بە داهاتی نەوت و ئەوەی لە بەغداوە بۆی نێردراوە، بەڵام هەرێم ڕەتی دەكاتەوە و پشكی بودجەی خۆی بە زیاتر لە 16 ترلیۆن دادەنێت، كە زیاتر لە 9 ترلیۆنی بۆ مووچەیە و لە یاسای بودجە دیاری كراوە، بەڵام محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕەتی دەكاتەوە لە بودجەدا شتێك هەبێت بەناوی “پارەی تەرخان كراو بۆ مووچە” لەو نێوەندەشدا مووچەخۆران بوون بە قوربانی ململانێكانی هەولێر و بەغدا.

لە ئێستادا ڕۆژ بەڕۆژ بایكۆتی دەوام لەلایەن فەرمانبەران و پزیشكانەوە فراوانتر دەبێت بەهۆی دابەش نەكردنی مووچەی دوو مانگی ڕابردوو، ئەمڕۆ لەگەڵ یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن و لێدانی زەنگی خوێندن، بایكۆتی مامۆستایانیش دەستی پێكرد و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی-ش ئەوە بە “كارەسات” ناو دەبات و پێی وایە “حكومەتی هەرێم پارەی هەیە و مووچە نادات”.

هاوژین عوسمان، لێپرسراوی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، تەواوی بنکە تەندروستیەکان بایکۆتی دەوامیان ِراگەیاندووە تەنها چەند بنکەیەکی تەندروستی نەبێت، کە نەخۆشی هەستیاریان تێدایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەر تا هەفتەی داهاتوو مووچە دابەش نەکرێت ئەوە ڕێکاری تردەگرنەبەر و خۆپیشاندان دەکەن و وتیشی ، “بەردەوام دەبن لە بایکۆت تا شایستە داراییەکانیان وەردەگرن و دەیانەوێت موچەی هەردوو مانگەکەش لەیەک کاتدا وەربگرن” .

هەر ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و چەند ناوچەیەكی هەولێر وەك كۆیە بایكۆتی خوێندن ڕاگەیەنرا و مامۆستایان ئامادە نەبوون بەدەنگ داواکارییەکەی چەند ڕۆژی رابردووی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەوە بچن کە ڕایگەیانبوو “بایکۆی چارەسەر نییە” بۆ دواکەوتنی مووچە.

لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان هەر زوو پشتیوانی لەو هەنگاوەی مامۆستایان بۆ بایكۆت کرد و ڕایگەیاند، ئەو ڕۆژەی مووچە دابەش دەکرێت، دەبێتە دەستپێکی دەوام.

لای خۆیەوە، بەناز ڕەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی له‌په‌یامێكدا سه‌باره‌ت به‌ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندن ڕایگه‌یاند، “لێدانی زەنگی خوێندن، چارەسەری کێشەکانی ئێمەی مامۆستایان ناکات”.

به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی ڕۆژئاوای سلێمانی سەبارەت بە بایکۆتی مامۆستایان ئاماژەی بەوەکرد: “هیچ بڕیارێک نییە مامۆستایان سزابدەین بەهۆی دەوام نەکردنیان، مووچەی مامۆستایان ئەوە دیاری دەکات خوێندنگه‌كان دەکرێنەوە یاخود نا”.

هاوکات ئەمرۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەی دادنووسی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کرد و کۆتاییان بە کارەکانیان هێنا و هەروەها فەرمانبەرانی دادگای چەمچەماڵ و مامۆستایانی گەرمیان بایكۆتی دەوامیان كرد.

نەبوونی مووچە هەر بە بایكۆتی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە نەوەستا، بەڵكو دامەزراوە چاودێرییەكانی هێنایە دەنگ و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دۆخەكە بە “مەترسیدار” وەسف دەكات و پێی وایە، “حكومەت پارەی هەیە و مووچە دابەش ناكات”.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، بەلام بە پێچەوانەوە لەجیاتی ئامادەبوونی سەرجەم مامۆستایان و خوێندكاران بە ڕووی خۆش و مەڕاسیمێكی شایستەدا، بەڵكو وەك مەڕاسیمێكی پرسە بینرا.

ڕاشیگەیاند، ڕاوەستانی پەروەردە واتە ڕاوەستانی ژیانە و دەبێتت حكومەتی هەرێم زۆر بە باشی بیر لەوە بكاتەوە، بۆیە برسی كردنی مامۆستایان و مووچەخۆران كارەساتێكی گەورەیە و گەیشتۆتە ئەو ئاستەی تەحەمولی ناكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی هەرێم سێ‌ مانگە داهاتی ناوخۆی ڕادەستی بەغدا نەكردووە، بۆیە دەبێت دەستبەجێ‌ لەو داهاتی ناوخۆیە مووچەی مانگێك بدەن و دەشڵێت: “بەپێی ئەو ژمارانەی دەستمان كەوتووە لە ماوەی ڕابردوودا لەڕێگەی دیوانی چاودێری داراییەوە مانگانە داهاتی ناوخۆ 375 ملیار دینارە، كە دەكرا لانی كەم مووچەی مانگی 7 بدەن”.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت: “بێ‌ باكی حكومەت لە دابەش نەكردنی مووچە بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەراندا كارەساتێكی گەورەیە، چونكە وەك چۆن فەرمانبەران ئەركت داوە بەسەریاندا دەبێت مافەكەشیان پێ‌ بدرێت”.

 

لە سلێمانی چوار کەس بەتۆمەتی مامەڵەکردن بە گورچیلە دەستگیرکران
پێت لە سلێمانی چوار کەس بەتۆمەتی مامەڵەکردن بە گورچیلە دەستگیرکران
باڵیۆزی سوریا: دەبێت بە هەمان رێڕەوی مام جەلالدا هەنگاوبنێین
دوات باڵیۆزی سوریا: دەبێت بە هەمان رێڕەوی مام جەلالدا هەنگاوبنێین
پەیوەنیدر