بەپێی هەندێک گرتە ڤیدیۆ کە ئاژانسی هەواڵی تەنسیم بڵاویکردۆتەوە، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بەرەو سنورەکانی کوردستان جووڵەیان پێکراوە و تانک و تۆپهاوێژەکان دەگوازرێنەوە،
جوڵەپێکردنی ئەم هێزە لەکاتێکدایە کە وادەکەی ئێران بۆ چەکداماڵینی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە عێراق کۆتایی دێت،
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران، دەبێت تا 28 مانگی ٩ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەکەکانیان دابنێن و بچنە کۆمەڵگا نیشتەجێبونەکانەوە،
سەردار نیلفڕۆشان، جێگری ئۆپراسیۆنەکانی سوپای پاسداران پێشتر ڕایگەیاندبوو:” چاوەڕوانی بەڵێن دروستی لە براکانمان دەکەین،ڕێگەدان بە تیرۆریستان لە ناوچەکەدا کە بووەتە سەرچاوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی وڵاتەکەمان، لەگەڵ لۆژیکی برایەتی یان دراوسێیەتی باش ناگونجێت”.
نیلفرۆشان ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە پابەندین بە هەموو بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەوە، چاوەڕێی ئەوە دەکەین لایەنی بەرامبەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات وەک چۆن کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنەکەی جێبەجێ کردووە، بە پێچەوانەوە دۆخی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو و ناچارین بەرژەوەندی نەتەوەی ئێران بپارێزین.
ئاژانسەکە لەزاری بەرپرسانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، جوڵەی هێزەکان وەک ئامادەکاری و خۆپارێزییە، لەئێستادا هیچ نیازێکی هێرشمان نییە.