وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە دەنگۆی ژەهراوی بوونی 82 پێشمەرگە لە بنكەی مەشقی دهۆك ناڕاستە و دەڵێت: “تەنها ١٩ پێشمەرگە باری تەندروستیان تێكچووە و رەوانەی نەخۆشخانە كراون”.
شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە بنكەی مەشقی پیادەی دهۆك تەنها ١٩ پێشمەرگە باری تەندروستیان تێكچووە و رەوانەی نەخۆشخانە كراون، دەستبەجێ ١٣ پێشمەرگە چارەسەری خێرایان وەرگرتووە و لە نەخۆشخانە دەرچوون، تەنیا ٦ پێشمەرگە لە نەخۆشخانە ماون لە ئێستادا دۆخی تەندروستیان زۆر باشە و بە زووترین كات ئەوانیش لە نەخۆشخانە دەردەچن.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
تۆڕی میدیایی روداو هەواڵێكی نادروستی بڵاو كردۆتەوە، كە گوایە ٨٢ پێشمەرگە لە بنكەی مەشقی پیادەی دهۆك ژەهراوی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون.
لەمبارەوە بنكەی مەشقی پیادەی دهۆك رایدەگەیەنێت تەنها ١٩ پێشمەرگە باری تەندروستیان تێكچووە و رەوانەی نەخۆشخانە كراون، دەستبەجێ ١٣ پێشمەرگە چارەسەری خێرایان وەرگرتووە و لە نەخۆشخانە دەرچوون، تەنیا ٦ پێشمەرگە لە نەخۆشخانە ماون لە ئێستادا دۆخی تەندروستیان زۆر باشە و بە زووترین كات ئەوانیش لە نەخۆشخانە دەردەچن.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە تۆڕی میدیایی روداو چەندەمین جارە هەواڵی نادروست و نابەرپرسانە بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاو دەكاتەوە.
ئێمە لێرەوە بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین، كە هەر هەواڵ و زانیارییەك لە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەرنەچێت، دوورە لە راستییەوە و فەرمی نیە، ئاگاداری تۆڕی میدیایی روداویش دەكەینەوە، كە بەرپرسیارانە و پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ زانیارییەكاندا بكەن و رەچاوی پاراستنی ئاسایشی سەربازی لە هەرێمی كوردستاندا بكەن.
شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە