حاکم قادر: ئەگەر لە کاتی خۆیدا مووچەتان پێنادرێت بارگرانی سەر هاووڵاتیان هەڵگرن



‏‎حاکم قادر دەڵێت؛ “پێوستە حکومەتی هەرێم بە کەمکردنەوەی باج و گومرگ و نرخی کارەبا و ھەندێ لە خزمەتگوزارییەکانی دیكە بارگرانی سەر شانی هاووڵاتیان کەم بکاتەوە، لەبەر ئەوەی ناتوانێ لە کاتی دیاریكراوی خۆیدا مووچە دابەش بكات”.

‏‎لە میانی بەشداریکردنی لە سیمینارێکی یاسایدا كە بۆ ژمارەیەك پارێزەر و خوێندكاری بەشی یاسا سازكرابوو، حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، وتارێکی پێشکەشکرد و جەختیکردەوە، “تا سیستمێکی دادوەری لە هەرێم سەرپێ نەکەوێت و هەموان وەک یەک لە بەردەم یاسادا یەکسان بن، ناتوانین باس لە دەسەڵاتێک و سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵگایەکی تەندروست بکەین و ناشتوانین هەنگاوی ڕاستەقینە بە ئاڕاستەی بنەبڕکردنی گەندەڵیدا بنێین”.

‏‎وتیشی، “پێویستە ڕۆڵی داواکاری گشتی کاراتر بکرێت و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاساش تەنها بە قسە نابێت، بەڵکو پێویستە بە كردار و دوور لە دەستێوەردان جێبەجێ بکرێت، تا هەموان لە بەردەم دادگاكاندا یەکسان بن و دەرفەت بۆ دەربازبوون لە تاوان نەهێڵدرێت”.

‏‎لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کردو رایگەیاند، “پێویستە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق دابڕێژرێت و هەموان پێوەی پابەندبن و ڕێز لە بنەما و ڕێککەوتنە سیاسییەکان بگیرێت.

‏‎حاکم قادر نەیشاردەوە کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە ساتێکی قەیراناویدا تێدەپەڕن و باری دارایی و گوزەرانیان لە دۆخێکی خراپدایە و ئەرکی حکومەتی هەرێمە هەرچۆنێک بێت ڕێگایەک بدۆزێتەوە تا مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بكات و ناكرێت بەغدا بە چاوی تۆڵەکردنەوە و سزادانەوە لەگەڵ هەرێم مامەڵە بکات، کە لە کۆتایدا گەلی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێم باجەکەی بدەن.”

حاكم قادر‎ پێداگریشی لەسەر ئەوە كردەووە، “پێویستە زۆر بەخێرایی بارگرانی سەرشانی هاووڵاتیان کەمبکرێتەوە و باج و نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیكە لە هەرێم هاوتای بەغدای لێبکرێت، چونکە نرخی باج و ڕسوومات و خزمەتگوزارییەکان لە بەغدا زۆر کەمترن.”

‏‎لە کۆتایی وتارەکەیدا حاکم قادر، نەخشە ڕێگای خۆی بۆ دەربازبوون لە قەیرانە سیاسییەکانی هەرێم خستەڕوو و ڕایگەیاند وەک پێشتریش جەختمان لێکردووەتەوە، “ئەگەر لە هەرێم دەستوورێکی دیموکراتی و شارستانی و سەردەمیانەمان هەبووایە کەببوایە بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نێوان لایەنە سیاسییەکان و کۆدەنگی لەسەر بوایە لە ئێستادا هەرێم بەشێکی زۆری ئەو قەیرانانەی نەدەبوو کە ئێستا تێی کەوتووە و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکانیش لەسەر بنەمای دەستوور دادەڕێژرا.”

زانکۆ لاین درێژکرایەوە
پێت زانکۆ لاین درێژکرایەوە
گالاکسی Z Flip5 لەگەڵ Flex Window زۆرترین کارایی مسۆگەر دەکات
دوات گالاکسی Z Flip5 لەگەڵ Flex Window زۆرترین کارایی مسۆگەر دەکات
پەیوەندیدار