سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەسەر دۆخی خراپی مووچەخۆران و دابەشنەكردنی مووچە پەیامێك بە حكومەتی هەرێم دەدات و پێی وایە “نابێت حكومەتی هەرێم خۆی لە بەرپرسیارێتی پێدانی مووچە لابدات و بیخاتە ئەستۆی بەغدا” و ڕایدەگەیەنێت، خۆ لە بیرمانە پێشتر دەیانوت بەغدا موفلیسە و هیچی بە دەستەوە نیە و ئێستاش دەڵێن ئێمە نیمانە و بەغدا دەبێت بیدات.
مامۆستا عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە وتارێكیدا، كە بۆ (خەڵك)ی ناردووە ئاماژەی بەوەكردووە، 31 ساڵە حكومەتی هەرێم دامەزراوە و كاروبارەكان بە چاك و خراپەوە بەڕێوە دەبات، لەو ماوە دوور و درێژەدا چاوەكان هەر لەسەر ئەم حكومەتە بووە، لەهەموو ئەو بوارانەی، كە لەلایەن كۆمەڵانی خەڵكەوە جێی بایەخ و وەك پێویستیە بوونیادیەكان سەیر كراوە، لە تەواوی ئەو ماوەیەدا مووچە درابێت یان نەدرابێت یان پاشەكەوت و لێبڕینی لێ كرابێت هەمووی هەر لە سایەی ئەم حكومەتەوە بووە و كەسی تر ناوی نەهێنراوە.
ڕاشیگەیاندووە، كۆمەڵانی خەڵك حكومەتی هەرێم دەناسن، كەسێك نەبووە بڵێت من داوای ئەو مافانە لە دەزگا و دامەزراوەی تر دەكەم و حكومەتی هەرێم بە بەرپرس نازانم، ئەمە ڕاستی تێدایە ئاخر ئەم خەڵكە بە دەیان هەزار شەهید و دەریایەك خوێنیان بۆ ئەم واقیعە ڕشتوە، لە پاڵ ئەوەشدا خاك و ئاو و سەرزەمین و بن زەمینیان لێ سوتماك كراوە، بۆیە دەبێت ئەم حكومەتە هەمیشە و بەردەوام لە ئاست ئەو هەموو چاوەڕوانیەدا بێت.
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان نووسیویەتی، “حكومەتی هەرێم چیتر بە پاساوی جۆراوجۆر خۆی لەبەرپرسیارەتیەكان نەبووێرێت ئەگەر كار بگاتە ئەوەی سواڵیش بكەن، ئاخر سواڵكردن بۆ خەڵكی بەش مەینەتی خۆی زۆر ڕەوایە، هەرگیز ناچێتە خانەی خۆ چەمانەوە و بچوك بوونەوە، بەڵام ئەگەر گەل سەرگەردان و كاسە بەتاڵا بێت ئەوەیان جێگەی هەزار و یەك پرسیارە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دەبینین لەسەرەوە هیچ كیماسیەك نیە لە ناز و نیعمەت و ژیانی شاهانە و پارە و پولی بێشوماریش، كە بۆ حەزێكی كەسی و ژەمێكی ڕۆژئاوایی ئەمسەر و ئەو سەری دنیا بكەن، نەك خۆیان بەڵكو كوڕ و نەوە و نەوەكانیان، لەڕاستیدا خەڵك لە قسە و دروشمی باق و بریق تێری خواردووە.
مامۆستا عەبدولواحید دەشڵێت: “خۆ لە بیرمانە پێشتر دەیانوت بەغدا موفلیسە و هیچی بە دەستەوە نیە، ئێمە چۆن بێزمان دێت داوای پارە بكەین؟ وتیان باشە داوا ناكەین، دەی ئێوەچارەسەری بكەن، لە بری دروشم و دروشمبازی و پێ فرۆشتنەوەی كوردایەتی و نەتەوایەتی كە زۆربەی هەرە زۆری ئەم خەڵكە شانازی بەم دوو چەمكەوە دەكەن و قوربانی بێشوماریشیان بۆ داوە، كەچی نەكرا هەر بە حەسرەتەوە بوون، ئێستا دەڵێن ئێمە نیمانە و بەغدا دەبێت بیدات، بەڕاستی خەڵكتان سەرگەردان كردووە”.