هێزە ئەمنییەکانی ئێران وەرزشوانێکیان لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو هاووڵاتییەک بە ناوی تاهیر سوڵتانی، وەرزشوانی تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە گەڕەکی “قەرەچی ئاوا” دەستبەسەر کراوە.
ڕوونیشیکردەوە کە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانی ئەو هاووڵاتییە و “بە شێوەیەکی دڕندانە” دەستبەسەریان کردووە.
تاهیر سوڵتانی لە کێبڕکێیەکانی وەرزشی مویتای لەسەر ئاستی پارێزگای سنە و سەرتاسەری ئێراندا چەندین میدالیای بەدەست هێناوە.
بەڵام ڕێکخراوەکە هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو وەرزشوانەی بڵاونەکردووەتەوە.