وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، مامۆستایان و فەرمانبەران مافی خۆیانە داوای مووچە بكەن، بەڵام ئەو مافە ئێستا لای عێراقە و ئەوان ناینێرن و دەشڵێت: “13ی مانگ زەنگی خوێندن لێدەدرێت”.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 13ـی ئەم مانگە زەنگی خوێندن لێدەدرێت.
وتیشی، “مامۆستایان تا ئێستا مووچەی مانگی حەوت و هەشتیان وەرنەگرتووە و نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە كاریگەری تەنیا لەسەر مامۆستایان نییە، بەڵكو كاریگەری لەسەر گشت فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە.
راشیگەیاند، “هەر كاتێك بەغدا پارەی مووچەی ڕەوانەكرد، ئێمەش هەمووی بەسەر مامۆستایانی خۆماندا دابەش دەكەین”.
ئالان حەمەسەعید جەختیشی كردەوە، مامۆستایان و فەرمانبەران مافی خۆیانە داوای مووچە بكەن، ئێمەش لە بەرەی فەرمانبەرانی خۆمانین، مافەكانی ئێمە ئێستا لەلای حكومەتی عێراقە، بەڵام ئەوان شایستە داراییەكان نانێرن.
ئاشكراشی كرد، پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی نەوتی دەفرۆشت و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ، مانگانە مووچەی دەدا، بەڵام ئێستا هەناردەی نەوت وەستاوە و داهاتیش ڕەوانەی بەغدا دەكرێت، بۆیە دەبێت هەمووان داواكارییەكانیان ئاڕاستەی بەغدا بكەن.
وەزیری پەروەردە دەشڵێت: “حكومەتی عێراقی تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان بە قەرز 500 ملیار دینار بۆ مووچە دەنێرێت، لەكاتێكدا ئەمجۆرە مامەڵەیە تەنیا لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستاندا دەكات و لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەوجۆرە نییە، تەنانەت لە سەردەمی هاتنی داعشیشدا، فەرمانبەرانی ئەو پارێزگایانەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون، مووچەیان بۆ ڕەوانە دەكرا”.
ئالان حەمەسەعید، سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ئەوەی دركاند، “بابەتی گرێبەستی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەر پرسی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان ماوەتەوە”.