ئەمڕۆ دووشەممە، لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو، بەسەرپەرشتی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی بەهای ئابوری (feasibility study) بۆ پڕۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا.
لە وتارێکیشدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پڕۆژەکەی بە ستراتیژی و گرنگ بۆ ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە ناوبرد و ڕایگەیاند: ” دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی بەهای ئابووری feasibility study بۆ پڕۆژەکە، لە ماوەیەکی نزیکدا دەستدەکرێت بە قۆناغی دیزاینی پڕۆژەکە، لە هەر قۆناغێکدا جێبەجێکردنەکەشی دەست پێدەکەین و چاوەڕێ ناکەین تاوەکو ھەمو دیزاینەکە تەواو دەبێت، بڕیارە پڕۆژەکە لە ماوەی ٥-٦ ساڵدا تەواوببێت”
ھەروەک ئاماژەی بەگرنگی پڕۆژەکەش کرد بۆ تەواوی ناوچەکە و ڕایگەیاند: ” ئەم پڕۆژەیە کاریگەری بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێش دەبێت و ھەردوو خاڵی سنوری ئیبراھیم خەلیل و پەروێزخان پێکەوە دەبەستێتەوە، ھەروەھا لە ڕێی کەرکووک موسڵیشەوە بە ناوچەکانی تری عێراقەوە دەبەسترێتەوە، پێشبینی دەکرێت ببێتە ڕێگایەکی بازرگانی و سوود بە ناوچەکە بگەیەنێت.”
ھەر لە رێورەسمەکەدا کە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و بریکاری وەزارەت بۆ رێگاوبان و بریکاری وەزارەت بۆ نیشتەجێکردن و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و ژمارەیەک لە ئەندازیاران ئامادەبوون، باڵیۆزی ئیسپانیا وتارێکی پێشکەشکرد و پڕۆژەکەی بە گرنگ و پڕ بایەخ ناوبرد.
لە کۆتاییشدا، کۆمپانیای- کۆنسوڵ ترانسی ئیسپانی کە جێبەجێکاری قۆناغی کەڵکی ئابوری- feasibility study پڕۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەرە لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە کارەکانیان و ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە کرد و بە پرسیار و گفتوگۆکردنی ئامادەبوان کۆتایی بە رێورەسمەکە ھات.