لە سێبەری گەندەڵیدا… کوردستان دەبێتە ئەفغانستان؟



گەندەڵی ئەفغانستانی ڕووخاند، تەنانەت بەڵگەنامەی مردن پێویستی بە بەرتیل بوو، کەس گوێی لە هۆشدارییەکانی ئەمریکا نەگرت، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش ترسەکانیان زیادی کردووە.

ڕەنگە هیچ کەسێک بە ئەندازەی عێراقییەکان و هەرێمی کوردستان بە شکستی ئەفغانستان کاریگەر نەبووبێت، بە تایبەت کە لە ماوەی ئەمساڵدا نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک هۆشداری توندی ئاڕاستەی بەرپرسان کرد.

بۆچی ئەمریکا ڕێگای بە ڕووخانی ئەفغانستان دا؟

پاش ڕووداوی تەقینەوەی دوو تاوەرەکەی ١١ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ لە نیویۆرک، ئەمریکا دەوڵەتەکەی تاڵیبانی لە ئەفغانستان ڕووخاند، حکومەتێکی نوێی بۆ ئەفغانییەکان دروستکرد.

بۆ بەردەوامی ئەو حکومەتەی دروستیکردووە، ئەمریکا بە لێشاوی پارەی دەناردە وڵاتەوەکەوە، بە جۆرێک تا ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ١٤٥ ملیار دۆلار براوەتە ئەفغانستان.

بەرپرسان و حکومەتی ئەفغانییەکان لەبری بەکارهێنانی ئەم دەرفەتە و بەهێزکردنی دەوڵەتەکەیان، بوونە مۆتەکەی هاووڵاتیانی وڵاتەکە و هەر پارەیەک دەهات لوشدەدرا.

لە ماوەی ئەو ٢٠ ساڵەدا، گەندەڵی، نادادپەروەری لە دابەشکردنی دەسەڵات، گەندەڵی کارگێڕی، شکستی سیستمی دادوەری لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان، نەبوونی ئازادی ڕادەبڕین، قاچاخ و پەراوێزخستنی شوناسە جیاوازەکانی گەلی ئەفغان باڵی بەسەر تەواوی وڵاتەکەدا کێشا.

 

بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ حکومەتی ئەفغانستان بە بەردەوامی لە ڕیزبەندی ١٠ گەندەڵترین حکومەتی جیهاندابوو، گەندەڵی سەرجەم پایەکانی دەسەڵاتی گرتبوو.

کەلێنی نێوان خەڵک و حکومەت بەهۆی گەندەڵیەوە بەجۆرێک بوو، ئەفغانییەکان ناچاربوون بەرتیل بە بەرپرسان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن دەستیان بە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە گشتییەکان بگات.

ئەحمەد شا کەتاوازای، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەفغانستان، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت “لە ئەفغانستان، لە بەڵگەنامەی لەدایکبوونتەوە تا مردنەکەت و هەرچییەک لە نێوانیاندا بێت، ناچاریت بەرتیل بدەیت”.

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠، جۆن سۆپکۆ، سەرۆکی دەزگای پێشەنگی چاودێری حکومەتی ئەمریکا بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان هۆشداریدا و وتی “گەندەڵی هەڕەشە لە ئەفغانستان دەکات”.

لە دوو ساڵی پێش ڕووخانی حکومەتەکەی ئەفغانستان، دەیان جار لە ئەمریکاوە هۆشداری لە گەندەڵی وڵاتەکە درا، ئاگادارکرانەوە بۆ چاکسازی، بڕیاری چاکسازیش لە حکومەتەوە دەدرا، بەڵام تەنها مرەکەبی سەر کاغەزبووە، هیچ کاریگەری دروست نەکرد.

لە کۆتاییدا ئەمریکا لە چاکسازییەکانی حکومەتی ئەفغانستان بێئومێد بوو، لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠ لە قەتەر لەگەڵ تاڵیبان ڕێکەوتنی واژۆکرد، تا بێتە سەر تەخت و دەوڵەتی ئەفغانستانی نوێ دروستبکات، بەو مەرجەی تاڵیبان ڕێگری لە سەرجەم گروپە جیهادییەکانی وڵاتەکە بکات و حکومەتێکی دوور لە بیری توندڕەوی دروستبکات.

لە سەرەتاکانی مانگی حەوتی ٢٠٢١دا، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی، ناتۆ، بنکەی سەربازی ‘بگرام’یان لە ئەفغانستان چۆڵکردووە و کشاونەتەوە، حکومەت و هاووڵاتیانی ئەفغانستانیشیان تووشی شڵەژانکرد.

لە ٢١ی مانگی ئابی ٢٠٢١ حکومەتە لەرزۆک و گەندەڵەکەی ئەفغانستان لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا لەلایەن تاڵیبانەوە ڕوخێنرا، بەجۆرێک ڕووخانی دەوڵەتێکی ٢٠ ساڵی لە چاو تروکانێکدا هەموو جیهانی شۆککرد، سەرۆکە گەندەڵەکەی وڵاتەکە بە فڕۆکەیەکی پڕ دۆلارەوە گەلەکەی بەجێهێشت و هەڵهات.

 

 

هەرێمی کوردستان ئێستا لە کوێدایە؟

هەڕەشەکانی سەر باشووری کوردستان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکەن، هاووڵاتیان لە نەبوونی ئازادی و مووچەدا خەریکە تەواو بڕستیان لێدەبڕێت.

ساڵی ١٩٩١ ئەمریکا ناوچەی دژەفڕینی لە باکووری عێراق دروستکرد، دواتر بەپێی دەستوور هەرێمی کوردستان دروستکرا، لەگەڵ دروستبوونی هەرێمەکەی باشووری کوردستان پاڵپشتییەکی گەوورەی جیهانی بۆ هەرێمەکە دروستبوو.

بە جۆرێک خوێندنەوەی وتارێک لە بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان شانازیی بوو. بەڵام پاش ٣٠ ساڵ حکومڕانی، ئێستا ئەو پەرلەمانە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق هەڵوەشاوەتەوە.

هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدایە گەندەڵی زۆرینەی پایەکانی حکومڕانی تەنیووە، تەنانەت بەرپرسانی حزبی و حوکمیش دان بە گەندەڵییەکانیاندا دەنێن.

حزب سێکتەرەکانی حکومەتی کۆنتڕۆڵکردووە، تەنانەت دانانی بەڕێوەبەری خوێندنگانیش لەلایەن حزبەوە ڕێکدەخرێت، ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەسەر حزبەکاندا دابەشکراون.

دەستگیرکردنی چالاکوانی بادینان لە ساڵی ٢٠٢١ بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی، نیشانەی پرسیاری لەسەر ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان گەوورەترکرد. تا ئێستا چەندین جار نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا هۆشداری لەسەر مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان داوە.

جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کەسی یەکەمی سەرجەم حزبەکانی لەسەر مێزی کۆبوونەوە دانیشاند، بە ئاشکرا لە مەترسیەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان ئاگاداری کردنەوە و ڕایگەیاند، “پێتان وانەبێت تا سەر ئەم هەرێمە دەمێنێتەوە”.

هاوپەیمانان و ئەمریکا چەندین جار هۆشداریان لە یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ داوا، بەڵام نەک هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەکنەخراون، بەڵکو تا دێت دۆخەکە خراپتر دەبێت، تەنانەت ئێستا پارتی وشەی نێهنی کۆمپیوتەرەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ناداتە یەکێتی.

لە پەرلەمانی عێراقەوە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێندراوە، ناکۆکی حزبەکان هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەکخستووە، ئەمەش ناڕەزایەتی وڵاتانی ئەوروپی لێکەوتووەتەوە، هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتییە بەهێزەکەی وڵاتانی زلهێزی خەریکە تەواو لەدەستدەدات.

لەلایەکی دیکەوە ئێران و تورکیا هێرشەکانیان چڕکردووەتەوە، چاویان لە سەر هەرێمی کوردستانە، لە عێراقیشەوە سیاسەتی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاریگەر دەستیپێکردووە، لە یاسای بودجەدا بە تەواوی هەستیپێدەکرێت.

بڕیار و یاساکانی چاکسازی تەنها نوسراوی سەر کاغەزن، لە ئەرزی واقیعدا هیچی لێ سەوز نەبووە. بوونی گەندەڵی، یەکنەگرتنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین، ناکۆکی قوڵ و برژەوەندی حزب پێش هاووڵاتی خراپی دۆخی ئەم هەرێمە دەسلمێنن.

لەیەکچوونی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان لەلایەن سیاسییەکان و تەنانەت خەڵکی ئاساییشەوە بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت.

تا ئێستا داهاتووی هەرێمی کوردستان ناڕوونە، ماوەیەکی دیکە تەمەنی حکومەتیش بەسەردەچێت، دیار نییە چی چاوەڕێی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات.

لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان چ چارەنووسێک چاوەڕێی باشووری دەکات؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە لەگەڵ ڕوخانی ئەفغانستان ببووە مۆتەکەی مێشکیان، لە هەمان چارەنووس دەترسان.

دەترسن لەوەی ئایا عێراق و ئێران و تورکیا ئەوەی بەسەر کوردیان هێنا دووبارەی دەکەنەوە؟

 

ڕاگەیاندنەکان ڕێگەیان نادرێت بچنە ناوەندەکانی خوێندن
پێت ڕاگەیاندنەکان ڕێگەیان نادرێت بچنە ناوەندەکانی خوێندن
نێچیرڤان بارزانی: یەکڕیزی و تەبایی تاقە ڕێگەی پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌کانمانە
دوات نێچیرڤان بارزانی: یەکڕیزی و تەبایی تاقە ڕێگەی پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌کانمانە
پەیوەنیدر