پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردوە کە لەسنووری قەزای حاجیاوا دزی لە ماڵی هاووڵاتییەك كردبوودواتر خانووەكەشی سووتاندبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە،دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سەردانی بنکەی پۆلیسی ماکۆک لە قەزای حاجیاوای کرد بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا کە بە وتەی خۆی لە باخەکەی دزی لێکراوە و کەسی تۆمەتبار هەستاوە بە دزینی هاردی کامێڕای چاودێری و دواتر سوتانی خانو و ماڵی ناو باخەکەی و زیانێکی زۆری بەر خانو ماڵەکەی گەیاندووە، بۆ ئەو مەبەستە پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخرا بڕیاری دادوەر بە دەست هات بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری نادیار.
راشیگەیاند، دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی ورد لە لایەن هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک بە سودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری توانرا کەسی تۆمەتبار بەناوی (ع، م، م ) لە ڕەگەزی نێر تەمەن ٤۱ ساڵ بناسرێتەوە.
پۆلیس دەشڵێت:بەپێی زانیارییەکان، تۆمەتبار لەکاتی ڕوداوی تاوانی دزی کردنەکەدا ئۆتۆمبیلی خۆی بەکار هێنابوو. بۆیە لەکاتی دەستگیر کردنی تۆمەتبارەکە ئۆتۆمبیلەکەیشی دەستی بەسەرداگیرا.
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەكردووە، دوای داننان بە تاوانەكەی، تۆمەتبارەكە بەپێی ماددەی ٤٤٣/ ٤ لە یاسای سزادانی عیراقی، راگیراوەو لێكۆڵینەوەش لە دۆسییەكەی بەردەوامە.