د. ئەبوبەکر پێنجوێنی- ڕاوێژکاری شەرعی و دارایی
ئەو بارودۆخەی زیاتر لە نۆ ساڵە بۆ خەڵکی هەرێم خوڵقێنراوە بەرهەمی دەست پیسی و نیازخراپی حیزبی باڵادەست و تیمی حوکمڕانی ئەم هەرێمەیە، نەبوونی داهات، کورتهێنان و بەردەست نەبوونی پارە هۆکارە بنەڕەتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆحی تاڵانچێتی و برسیکردنی بەمەبەستی خەڵك.
بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم پرسە هەستیارو پڕمەترسییەش نەبوونی میزانەیەیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەمە سەرەڕای بە تاڵانبردنی چەندین سندوقی داهات و پاشەکەوت لەوانە:
– سندوقی خێرخوازی نەخۆشخانەی هیوا
– پارەی بازرگان و بەڵێندەران
– کرێ و قەرزی کۆمپانیا ناوخۆییەکان
– سندوقی پاشەکەوت، تایبەت بە کەرتی گشتی و کەرتی ئەهلی
– سندوقی پێشینەکان: نیشتەجێبوون، بازرگانی، پڕۆژەی بچوك، هاوسەرگیری، کشتوکاڵی و هتد…
– لەوانەش خراپتر دەستبردن بۆ قوتی خەڵك، دزین و بڕین و دواخستنی موچەو پاشەکەوتکردنی زۆرەملێ، ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هتد…
لە بەرامبەردا هەڵتۆقینی دەیان ملیاردێر و هەزاران ملیۆنلەر لە سێبەری حیزبی دەستەڵاتدار و تیمی حوکمڕانیدا، ئەمە وێڕای قۆرخکردنی بەشێکی زۆری کەرتی بازرگانی بۆ حیزب و ‘بەشێوەی راستەوخۆ’ بوونی دەیان کۆمپانیای زەبەلاحی گەورەی بازرگانی سەر بە حیزبە دەستڕۆیشتووەکان.
هاوکات بوونی دەیان کۆمپانیای باجگری حیبزی کە دواینیان کۆمپانیای پۆینت تو پۆینتە، ئەمانە هەموویان ڕۆڵی زارو دەبینن و تەنهاو تەنها ئەرکیان پڕکردنی گیرفانی حیزب و مژینی خۆێنی هاوڵاتییە!!!
لەلایەکی ترەوە قووڵبوونەوەی گیانی چینایەتی و جیاوازی زۆری چۆنێتی ژیانکردن لە نێوان خەڵکی ئاسایی و بەرپرسە حیزبی و حکومییەکاندا، ئەم برینەی زیاتر بەسوێ کردووە و خەڵك توشی شڵەژانی دەرونی بووە و نائارامی باڵی بەسەر خێزانەکاندا کێشاوە.
ماوەتەوە بڵێم ئەوەی دەگوزەرێت لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد ‘ئەگەرچی بەغداد جێگای ئومێدنییە’ بەبێ هیچ دوودڵییەك هۆکاری یەکەم و کۆتایی هەولێر و حوکمڕانەکانی هەرێمە، ئەوەش بە بەڵگەی ئەوەی کە حیزب و دەستەڵات لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئامادەنەبووە داهات بداتە دەست حکومەتەکەی خۆی کە ‘هەرێمی کوردستانە’ ئێستا و لە داهاتووشدا چۆن دەیداتە دەست حکومەتی بەغداد.