نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتدا بڕیاری ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ئیداریی لە کەرکووك درا و پشتگیریش بۆ میوانداریکردنی هەردوو وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران دەربڕدرا.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئێوارەی شەممە میوانداری کۆبوونەوەیەکی گرنگی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی کرد بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار عەبدولەتیف ڕەشید و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد ڕیکان حەلبۆسی.
نووسینگەی سودانی بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی ئێستای پارێزگای کەرکووک و ڕێگاکانی باشترکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری پارێزگاکە، کە تیایدا گفتوگۆی فراوان بەڕێوەچوو بە ڕۆحێکی بەرپرسیارێتیەوە بەرامبەر بابەتە نیشتمانییەکان و سەلامەتی ژیانی هاووڵاتییان.
ڕاشیگەیاند، “هاوپەیمانێتیەکە سەرکۆنەی ڕووداوەکانی کەرکووک و ئەو ئاژاوە ئەمنییانە دەکەن کە هەڕەشە لەسەر ئاشتی هاووڵاتییان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە دوکات، و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەوەی ڕوویداوە کردەوەیەکی قبوڵنەکراوە لەژێر هەر بیانوویەکدا بێت، و لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت و پێویستە هەموو لایەنەکان ئەولەویەت بە بەرژەوەندی باڵای پارێزگاکە و هاوڵاتیانی بدەن، و وتوێژ وەک کلیلی ڕەتکردنەوەی ناکۆکییەکان و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کەرکووک بمێنێتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو کە “هاوپەیمانێتیەکە داوای پابەندبوون بە گفتوگۆیەکی نیشتمانی دەکات کە پشتیوانی لە ئارامی و بڵاوکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای کەرکووک بکات، کە تایبەتمەندی و هەمەجۆرییەکەی ناسراوە، چوونکە سەرچاوەی هێز و شانازییە بۆ هەموو ئایین و نەتەوە و لایەنەکانی عێراق لە پارێزگاکەدا”.
لەکۆبوونەوەکەدا لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێککەوتن:
پێکهێنانی لیژنەیەکی سەرکردایەتی لە هاوپەیمانی بۆ سەردانیکردنی پارێزگای کەرکووک و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە و دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ کێشەکان، لەسەرەتادا چارەسەر کردنی کێشەی بارەگاکە، و لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئیداری لە کەرکووک بە شێوەیەک کە هاوسەنگی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانیدا بپارێزێت.
پشتیوانی کردن لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی لە پێناو لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکانی کەرکووک و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ ڕای گشتی و وسزادانى هەر کەسێک کە سەلمێنراو تێوەگلاوە لە ڕووداوەکان و سەر بە هەر لایەنێک بێت.
پابەندبوونی لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە لە بەرنامەی وەزیراندا جێگیرکراوە، و لەگەڵ دەستوور و یاسادا هاوسەنگە و لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دراوە.
ڕاگرتنی شەڕی میدیا و گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازیی ڕا وبۆچوونەکان لە نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەو شێوەیەی کە بڕیارە لە کانوونی یەکەمی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، و هەروەها لە پارێزگای کەرکووکیش ئەنجام بدرێت.
پشتگیری کردن لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ میوانداریکردنی وەزیرانی دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق.