حکومەتی فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند، ئێمە بەشێوەیەکی یاسایی و دەستوری پابەندییەکانمان بەرامبەر هەرێم جێبەجێکردووە و ئەوە حکومەتی هەرێمە پابەندی دەستور و ڕێککەوتنەکان نییە لەیاسای بوودجەدا.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی فیدڕاڵی ڕایگەیاند،هەوڵی زۆرمان دا بۆ دابینکردنی چارەسەرەکان تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، وئەو پارەیەی کە هەرێم قەرزدار بووە زیاتر لە سێ ئەوەندەی پشکی هەرێم بووە، بەپێی خەرجییە ڕاستەقینەکانی دەوڵەت
حکومەت دەشڵێت”حکومەتی هەرێم داهاتی نەوت و غەیرە نەوتی ڕادەست نەکرد وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە”.
هاوکات راگەیەندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، سەرەڕای پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێم، حکومەتی فیدراڵی بڕیاریدا کە هاوڵاتیانی عێراقی لە هەرێم بەرپرسیار نەکات لە پابەندنەبوونیان، هەروەها حکوومەت بەو شێوەیەی کە یاسا ڕێگەی پێداوە کاری دەکرد بە بڕیارێک لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ قەرزدان بە هەرێم تا ئەو کاتەی کێشە داراییەکانی لە بنەڕەتدا چارەسەر دەکرێن.
حکوومەتی فیدراڵی هێندەی گرنگی بە مافی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان دەدات، ئەوەندەش لە پارێزگاکانی دیکەشدا گرنگی بە مافی هاووڵاتیان دەدات،پابەندبوون بە یاسا و ڕێکەوتنە فیدراڵیەکان کە بەپێی دەستوور ئەنجامدراون کورتترین ڕێگایە بۆ تەواوکردنی گواستنەوەی دارایی و بەرزکردنەوەی متمانە.
لەبارەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بودجە، حکومەتی هەرێم بەغدا تۆمەتبار دەکات بەنەناردنی شایستەکانی کەلەیاسای بودجەدا هاتووە و بەغداش هەرێم تاوانبار دەکات بە پابەندنەبوونی بە ڕێککەوتنەکان، زەرەرمەندی یەکەمیش لەم نێوەندەدا، تەنها مووچەخۆرانی هەرێمە کە وا دەگەینە نیوەی مانگی 9 و هێشتا مووچەی مانگەکانی 7 و 8 تیان وەرنەگرتووە.