بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی شەش تۆمەتباری سەر بە تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، یەکێک لە تۆمەتبارەکان هەوڵی خۆکوشتنیدا و برینداربوو.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر ٦ی ئێوارە ئەمڕۆ ٧-٩- ٢٠٢٣ دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری ئاساییش لەسەر تۆڕێکی بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەر، تیمەکانمان لەشاری هەولێر لەهەردوو گەرەکی گەنجان سیتی و بەرامبەر هەرشەم دوو لەسەر رێگای بەحرکە توانیان شەش تۆمەتبار دەستگیربکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە یەکێک لەتۆمەتبارەکان دوای تەقەکردن لەکارمەندەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەکاتی دەستگیرکردنی، هەوڵی خۆکوشتنی داو لەئەنجام خۆی زامدار کردووە، دەستبەجی لەلایەن تیمەکانمانەوە تۆمەتبارەکە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەو تا ئێستاش لەژیاندایە.