دەسەڵاتدارانی شاری کومامۆتۆی ژاپۆن، پێشنیاری ناردنی ڕۆبۆتیان بۆ قوتابخانەکان کردووە لەبری خوێندکار، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی ئامادەنەبوونی خوێندکاران و سکاڵا لە قوتابخانەکان.
بەگوێرەی ئەم پێشنیازە، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا ڕۆبۆتی خۆبزوێنەر کە بەرزییەکەی لە مەترێک زیاتر نەبێت دەنێردرێت، لە دوورەوە لەلایەن خوێندکارانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و بە ئاسانی لە پۆلێکەوە بۆ پۆلێکی دیکە بە هەموو ئاراستەکاندا دەجوڵێنرێن.
دەسەڵاتدارانی ژاپۆن نیگەرانبوون لە زیادبوونی ئامادەنەبوونی خوێندکاران لە قوتابخانەکان بەهۆی قسەی ناشرین و سوکایەتی لەلایەن هاوتەمەنەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش بیرۆکەی بەکارهێنانی ڕۆبۆتەکان کە لەلایەن خوێندکارانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، وەک پێشنیارێک خستووەتەڕوو.
ماکی یۆشیزاتۆ، وتەبێژی دەسەڵاتدارانی شارەکە ڕایگەیاند: “مامەڵە و پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕۆبۆتەکان بە تەواوی ڕاستەقینە نییە، بەڵام هەستێکی تایبەت بەو منداڵانە دەدات کە متمانە بەخۆبوونیان لاوازە و لە کارلێککردن لەگەڵ کەسانی دیکە دەترسن، پێشبینی دەکرێت ئەم تەکنەلۆژیایە یارمەتی ئەو خوێندکارانە بدات بەسەر ترسەکانیان زاڵببن.”
بەگوێرەی ئەنجامی دوایین ڕاپرسیی وەزارەتی پەروەردەی ژاپۆن، ژمارەی ئەو قوتابیانەی لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە پۆلەکانی خوێندن ئامادەنەبوون لە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی مێژوویی و گەیشتووەتە ٢٤٤ هەزار و ٩٤٠ حاڵەت.