شارەزایەكی كەشناسی پێشبینییەكانی بۆ دۆخی كەشوهەوای هەرێم ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: پلەکانی گەرمی چەند پلەیەك دادەبەزن و کۆتایی بە گەرمای هاوینی ئەمساڵ دێت.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە سبەینێ پێنج شەممەوە لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و گەرمیان پلەکانی گەرمی ( 3 تا 5 پلە) دادەبەزن.
ڕاشیگەیاند، تاوەكو ماوەی هەفتەیەک تەنها لە نێوان کاتژمێر 11 ی پێش نیوەڕۆ تا کاتژمێر 3 ی عەسر هەست بە گەرمای کەم دەکرێت، کاتەکانی تر کەش فێنک و ئاسایی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێشبینیی دەکرێت لە کۆتایی هەفتەی داهاتووەوە پلەکانی گەرمی چەند پلەیەکی تر داببەزن و بەم پێیە کەشوهەوا بە ڕۆژیش فێنک دەبێت و بە تەواوی کۆتایی به گەرمای ئەمساڵ دێت.