شارەزایانی كەشناسی پێشبینییەكانیان بۆ وەرزی نوێی باران بارین لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكەنەوە و هۆشداری بە هاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەدەن تاوەكو ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ خۆپاراستن لە ڕوودانی لافاو و ڕووداوی نەخوازراو.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی داتای نوێی ئەمڕۆی سەنتەری ئەوروپی بۆ پێشبینی کەشوهەوا بۆ وەرزی بارانی ئەمساڵ مانگەکانی ( 10 و 11 و 12 ) ئاماژە بە بارانی زۆر و لافاو دەکات و وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ مێژوویی دەبێت پشت بە خودای گەورە.
وتیشی، “پێویستە ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی، کە لە ڕێڕەوی چەم و دۆڵەکان دروستکراون هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری جدی بکەن بۆ لافاو بۆ کۆتایی مانگی 10 یان مانگی 11 و تەواوی مانگەکانی وەرزی دابارینی ئەمساڵ”.
لای خۆشیەوە، شاڵاو هیدایەت، شارەزایی بواری کەشناسی هۆشداری توند دەدات، بە هاووڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار لەبارەی وەرزی داهاتووی دابارینەوە و دەڵێت: “ئەو زەریایانەی بۆ ناو وەرزی دابارینی داهاتوو لە بەرژەوەندیماندا دەبن لە ئێستادا پلەی گەرمی ئاوەکانیان بەگشتی لەسەروی ئاساییە، زەریای هێمن بەئاستێکی زۆر بەرز، زەریای هیندی لە پاییز و بەهاردا بەئاستێکی بەرز و زۆر بەرز، زەریای بەستەڵەکی باکور بە ئاستێکی زۆر بەرز و زەریای ئەتڵەسی بەئاستێکی بەرز.
دەشڵێت: “ئەمەش دۆخی دابارین زۆر باش دەکات و ساڵێکی سەختی پڕ دابارین دەڕەخسێنێ بۆ وەرزی دابارینی 2023- 2024، هەریەک لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سور و دەریای ڕەش و کەنداوی عەرەبی و دەریای خەزەر لەبەرژەوەندیماندا دەبن بەتەواوی”.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوادەکەین لەلایەنی پەیوەندیدار و هاووڵاتیان هەموو ئامادەکاریەکی جدی بکەن تایبەت بۆ ناو وەرزی پاییز و کۆتاییەکانی زستان و ناو وەرزی بەهار چەقی دروست بوونی لافاو دەبێت، بەپێی هەموو نیشانەکان لافاوی زۆر دەبن و ئەگەر ئامادەکاری پێشوەختە نەکرێت زیانی زۆری ماددی و ئابووری و هەروەها زیانی زۆری مرۆیشی بەدواوە دەبێت.