ئەمڕۆ یەک شەممە 3-9-2023،سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی لەبارەی ڕەوشی کەرکوک و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ هەریەک لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پەیوەندی تەلەفونی ئەنجامدا.
محەمەد شیاع سودانی ، پەیوەندی بە سەرۆکی پەرلەمان کرد و بارودۆخی کەرکوک و ڕووداوەکانی ئەو شارەی تاوتوێکرد، دوابەدوای ئەوەش لەگەڵ بافل تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی پەیوەندییەکی تەلەفونی ئەنجام داو، بارودۆخ و پێشهاتەکانی ڕووداوەکانی کەرکوکیان تاوتوێ کرد.
سودانی لەهەردوو پەیوەندییەکەیدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پێویستە هەموو هەوڵێک بخرێتەگەڕ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو دەست و لایەنانەی دەیانەویت ئارامی شارەکە و ئاسایش و پێکەوەژیانی دانیشتوانەکەی تێکبدات، هەروەها سەرجەم هێزە نیشتیمانییەکانی شارەکە لەسەرجەم پێکهاتەکان ئاگادار کرانەوە، بۆ خۆپاراستن لەهەر توندوتیژییەک، و بەدووربون لەهەر ئاشوبێک کە دەرفەت بە تیرۆرستان بدات ئارامی و ئاسایش تیکبدەن،
سودانی دووپاتیشی کردەوە، هەوڵی تەواو دەدەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەهاوکاری سەرجەم لایەنەکانی کەرکوک و، هۆشیاریشی دا لەوەی ناحەزان بیانەوێت خەڵکی کەرکوک بەکاربهێنن بۆ مەرامی تایبەتییان.