سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵێنی بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانە دەدات کە تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی کەرکوك کرد و ئامادەییش بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکارێک بۆ چارەسەری بریندارەکان دەردەبڕێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیانی خۆپیشاندانەکەی دوێنێی کەرکوك کرد و ڕایگەیاند، “دڵنیاتان دەکەم تاوانبارانی ئەم رووداوە دەبێت بە سزای یاسایی خۆیان بگەن و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سازش لەسەر ماف و داواکارییەکانتان ناکات”.
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکی یەکێتی
بەڕێزان کەسوکاری شەھیدانی دەستی رەش و غەدر (کاک ھاوکار، کاک سەمەد، کاک حسێن و کاک ھەڤاڵ)
شەھیدبوون و رژانی خوێنی رۆڵەکانتان لەپێناو بەدەستھێنانی مافەکانیان لەدڵەوە نیگەرانیکردم. دڵمان لەگەڵ ئێوەیە و ھاوبەشی ئەم خەمە گەورەیەتانم.
دڵنیاتان دەکەم تاوانبارانی ئەم رووداوە دەبێت بە سزای یاسایی خۆیان بگەن و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سازش لەسەر ماف و داواکارییەکانتان ناکات.
رۆحی شەھیدان شادبێت و خوای گەورە سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت، ھیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم و ھەموو رێکارێکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی براکانمان لە کەرکوک دەگرینەبەر.
برا و دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان