شاندێکی فراکسیۆنی یەکێتی بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ گرژییەکانی دوێنێ گەیشتە کەرکوك.
ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران گەیشتە کەرکوك و بڕیارە لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی شارەکە کۆبێتەوە.
شاندەکە پێکهاتووە لە هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و پەرلەمانتاران کەریم شکور و کاروان یاروەیس.
ئەمەش دوای ئەوە هات دوێنێ بە هۆی تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی کورد، چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا.
خۆپیشاندانەکە دژی گرتنی ڕێگەی کەرکوك-هەولێر ئەنجام درا کە نزیکەی هەفتەیەك بوو ژمارەیەك عەرەب و تورکمانی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە رادەستکردنەوەی بارەگایەکی پارتی ڕێگەکەیان داخستبوو.
درەنگانی شەوی ڕابردوو بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕادەستکردنەوەی بارەگاکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا و عەرەب و تورکمانەکانیش لە ڕێگەکە کشانەوە، بەوەش ئەمڕۆ یەکشەممە، قەدەغەکردنی هاتوچۆ کۆتایی هات و ڕێگەکەش کرایەوە.