کورد و هەرێمی کوردستان لەبەردەم سی ڕۆژی سەختی مانگی ئەیلولدا



موئمین زەڵمی- نوسەر و مامۆستای زانکۆ

چاوەکان لەسەر پەیوەندی هەولێر-بەغدان و هێشتاش پرسی گەورە و خەمی گەورەی خەڵک بودجە و موچەی فەرمانبەرانە و بەغداش لەتاو سەرئێشە و گەندەڵی و چاوسوورکردنەوە بەردەوامەکان و کوڵەفیت و قاچوقوچی ئاغازادەکان دەستی دەستی بە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم دەکات و ڕەوشەکە لە ئاڵۆزی بەردەوامدایە.
هەرێمی کوردستان لە بیست ساڵی ڕابردوودا هەرگیز پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا هێندەی ئێستا ناجێگیر نەبوون و هێندەش پێویستی بە پەیوەندییەکی جێگیر نەبووە، هەروەک دەسەڵاتی هەرێم، لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا زۆر دەرفەتی گرنگیان هاتەپێشەوە کە پەیوەندی هەولێر-بەغدا لە تاکتیکەوە بگوازنەوە بۆ ستراتیج و لە ئاستی حزبی و شەخسییەوە پەیوەندییەکان بکەنە فەرمی و حکومی و حزبەکانیان و خەڵکەکەش تووشی ئەم سەرئێشانەی ئەم رۆژانە نەکەن، بەڵام هەڵپەی پارەی زۆر و قەپاڵی گەورەی خۆتێرکردن و خۆپڕکردن بەرچاوی سیاسەتکارانی ئەم هەرێمەی گرت و ئاڕاستەکان هێندە بە شێواوی شەنکران دۆخەکەیان بە ئاقارێکی تەواو خراپ گەیاند.
نەگبەتی کورد و هەرێمی کوردستان هەر ئەوەندە نیە کە گرفتی ناوخۆیی وخیانەتی ناوخۆیی و شەڕی ناوخۆیی و نالەباری ناوخۆیی یەخەی بەرنادات، بەڵکو دراوسێ و حوکمڕانانی هەر چوار وڵاتەکەش (کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە) لە شەڕی سارد و ناکۆکی بەردەوام و ناتەبایی هەمەچەشندان و ئەمەش زیاتر دۆخەکەی بۆ کورد ناسازتر کردووە و خۆی واتەنی (قوڕەکەی زیاتر خەست کردووەتەوە).
لە ئێستادا ئاڕاستەی سیاسی ناوچەکە بەرەو نالەبارییە و هەریەک لە ئێران و تورکیا لە هەوڵی جێکردنەوە و جێگیرکردنی زۆرترین بەرژەوەندی و زۆترین کاریگەری خۆیاندان لە عێراق و سوریادا، لەگەڵ ئەوەشدا خاڵی تۆخکراوە (پرسی کورد)ە و ناتەبایی و نالەباری دۆخی ناوخۆییش وایکردوە کە قوربانی سەرەکی هەر کورد بێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ بەردەوامی هەژموونی مەزهەبی و تائیفی خۆی لەسەر عێراق و حزب و حکومەت و هەڵبژاردن و سێکتەرە جیاوازەکاندا لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئێستا زیاتر خاڵەکانی خۆی لە ڕێککەوتنە ئەمنی و ئابوورییەکانیدا لەگەڵ عێراق تۆختر دەکاتەوە، لە لایەکەوە تەواوی قەرزەکانی خۆی لە حکومەتی عێراقی وەرگرتووەتەوە و لە تازەترین لێدوانیدا ئەمیرحسین عەبدولاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران دانبەوەدا دەنێت کە لە ئێستادا نەک تەنها لە عێراق بەڵکو ئێران هەموو قەرز و پارە بلۆککراوەکانی خۆی لە تەواوی وڵاتان وەرگرتووەتەوە.
لە لایەکیتریشەوە چاوی لە ڕێککەوتنە ئەمنییەکەیەتی لەگەڵ بەغدا بۆ چەکداماڵینی هێز و گرووپە چەکدارییەکانی کۆمەڵە و دیموکرات و کۆتاییهێنان بە چالاکی سەربازی و پارتیزانی ئەو هێزانە لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر سەربازگە و پاسدارەکانی، کە هەمیشە ئەم هێزانە مەترسی بوون بۆسەر گیانی پاسەوان و هێزە سنوورییەکانی ئێران.
هەرچی تورکیاشە چاوی لە پارەکانی عێراقە، ئەمە لەو بیرکردنەوە ئابوورییەی ئەردۆگان و سیاسەت و ستراتیجی پاش هەڵبژاردنی ڕابردووەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت، هاوکات ئەنقەرە لە هەر چوار ئاستی (سیاسەتی حومکڕانی، سیاسەتی ئاسایش، سیاسەتی وزە و سیاسەتی ئاو)دا چاوی لە سەپاندنی دێڕبەدێڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیدایە لە ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ بەغدا و کوردیش موهرەیەکی جوڵاوی بەردەستی هەردوولایە بۆ دەستلەیەخەدان و دەستشکاندنەوەی یەکتر یان تەوقە و باوەشێکی سیاسی.
بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی یەک لەدوایەکی وەزیرانی وزە و بازرگانی بە دوای سەردانە جەنجاڵ و پڕ چالاکییەکەی هاکان فیدان-وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر ڕەنگی داوەتەوە و چاوەڕواندەکرێت لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ بەغدا و بەسرە و هەولێر تورکیا زیاتر لە ئامانجەکەیە خۆی کە (پارە)یە نزیک بکاتەوە. هاوکات زیادکردنی هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر ئۆتۆمبێل و فەرماندە و ئەندامان و دۆستانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا تورکیای وەیلانی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی بەغدا و دیمەشق کردووە بۆ بڕینی قردێلەیەکیتری بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و سوریا.
ئەگەر وردتر سەیری وێنەکە بکەین دەبینین کە هەر یەک لە ئێران و تورکیا بەرژەوەندی جیاوازی خۆیان لە عێراقدا زەنگەنهارە دەکەن و لە خوڵەپۆتێی سیاسەت و حوکمڕانی عێراقدا بە دوای زمڕوتە مێژووییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن.
بۆیەش سی ڕۆژی داهاتووی ئەیلول لە مانگە قورس و سەختەکانی بەردەم کورد و هەرێمی کوردستانە و چاوەڕوان دەکرێت بەرزونزمی و کەوتن و هەستانەوەی پەیوەندی ئێران-عێراق، تورکیا-عێراق، ئێران-تورکیا، تورکیا-سوریا و عێراق-سوریا ئاڕاستەی سیاسەت و تێگەشتنە سیاسییەکان بۆ دۆخی ناوچەکە خێراتر بگۆڕن و کورد و هەرێمی کوردستانیش لە مەدخەلی ئەو ئاڵۆزییانەدان، چونکە کۆبوونەوە ئەمنییە بەردەوامەکانی عێراق و سوریا لە لایەک و ئێران و عێراق لە لایەکیترەوە و جوڵە و سەردان و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی سەرانی تورکیا و ئێران لە ناوچەکەدا دەرخەری ئەوەیە کە لە (سیاسەتی دراوسێیەتی ئێران) و لە (سیاسەتی فرەچەشنی و فرەناوچەیی تورکیا)دا ئاماژەی ئەرێنی بۆ پەیوەندی و پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان ناخوێنرێتەوە، بۆیەش کوردستان لەبەردەم پابەندکردنێکی فراوانتردا دەبێت و چاوەڕوان ناکرێت بە زوویی پەیوەندی هەولێر-بەغدا بگاتە ئاستێکی دڵخۆشکەر وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت و هەواڵی موچە و قووتی خەڵکی کوردستانی پێدادەرێژرێتەوە.

 

بافڵ تاڵەبانی دوو بەڵێن بە کەسوکاری قوربانییانی خۆپیشاندانەکەی کەرکوك دەدات
پێت بافڵ تاڵەبانی دوو بەڵێن بە کەسوکاری قوربانییانی خۆپیشاندانەکەی کەرکوك دەدات
شاندێکی فراکسیۆنی یەکێتی گەیشتە کەرکوك
دوات شاندێکی فراکسیۆنی یەکێتی گەیشتە کەرکوك
پەیوەنیدر