دوابەدوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم ئێوارەیەی کەرکوک، کە کوژرانی هاووڵاتییەک و برینداربوونی زیاتر لە ٧ هاووڵاتی لێکەوتەوە، یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی،داوا لە سەرۆک وەزیران دەکات کە دەستپێشخەری بکات و ئەو دۆخە ئاڵۆزتر نەبێت، هەروەها داوا لەلایەنەکانی کەرکوکیش دەکات بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتی:
ڕاگەیندراوی مەکتەبی سیاسیی دەربارەی گرژییەکانی کەرکوک
بەداخەوە بارودۆخی دژواری کەرکوک بەهۆی شەرکردن لەسەر بارەگای حزبی و ململانێی هێزە سیاسییەکانی ناو کەرکوک درێژەی کێشاوە، گەیشتە پێکدادان و بەریەککەوتن و شەهید و برینداریش کە ئەمانە قوربانی بێباکی سیاسی و نیشتمانییە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێ رۆژە لەسەر هێڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق کە پێویستە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و حکومەتیی خۆی جێبەجێ بکات، تا ئاڵۆزییەکە سەر نەکێشێت بۆ بەریەککەوتن و رژانی خوێنی هاووڵاتیانی کورد و پێکهاتەکان، بە پێچەوانەوە دەکرا بە لێکگەیشتن لەگەڵ پارت و حزبەکانی کەرکوک گرفتی بارەگا تەشەنە نەستێنێت، کە ببێتە کێشەیەکی گەوەرە لە شارەکەدا، ئێستاش کاتی ئەوەیە سەرۆک وەزیران کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقیشە، راستەوخۆ بێتە ناو کێشەکە و لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی شارەکە و هێزەکانی سوپاو حەشد ئەم کێشەیە بنبڕبکەن، ئەگینا وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو بڕوایەداین جەماوەری کەرکوک لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاشتی دانیان بە خۆیدا گرتووە. چاوەروانیشمان لە حکومەت و لایەنەکانی تری کەرکوکیش ئەوەیە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان