كاندیدێكی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك پێی وایە ئەو “هەلومەرجە سەختەی” بەسەر كەركوكدا تێدەپەڕێت “سینارۆی سیاسی”یە و ڕایدەگەیەنێت، بابەتێکی سیاسیە و لەسات و کاتێکی ناسکدا هێنراوەتە ئاراوە.
د. ئەحمەد كەركوكی، مامۆستای ئایینی و كاندیدی یەكێتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، “بەداخەوە لەئێستادا کەرکوک بەهۆی چەند سیناریۆیەکی سیاسییەوە بە هەلومەرجێکی سەختدا تێپەڕدەبێت، زۆر گرنگە لەم ساتانەدا هەڵگری بەرپرسیارێتی ئاینی و نەتەوەیی و مێژوویی بین و دوور بین لە تووندوتیژی و ئاڵۆزی و پشێوی تا نەبێتە بیانوویەک بۆ دووشمانان و گورزی خۆیان بەسەر هاوڵاتیانی شارەکەماندا بووەشێنن”.
دەشڵێت: “هەموومان دەزانین مرۆڤی ژیر ئەو کەسەیە دەستی لەکوژانەوەی فیتنە و ئاشوبدا دەبێت نەوەک ببێتە هۆی هەڵگیرسانی، پێغەمبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت: فیتنە خەوتووە نەفرەت لەو کەسی خەبەرداری دەکاتەوە”.
كەركوكی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم شارەی ئێمە پێویستی بەکەسی ژیر و تێگەیشتوو، پێگەیشتوو هەیە، کەسانێک بەرژەوەندی و خوێن و ماڵی خەڵکیان لا لەهەموو شتێک لەپێشتر بێت، چونکە دواجار ئەوەی زیانمەندە هاووڵاتی و خەڵکی سادەی ئەم شارەیە”.
ئەو كاندیدەی یەكێتی داوا لە هاووڵاتیان دەكات، “بەهەموو شێوازێک خۆتان لە شەڕ و دروشم و عاتیفەی سیاسی دووربخەنەوە، دڵنیابن بابەتێکی سیاسیە و لەسات و کاتێکی ناسکدا هێنراوەتە ئاراوە و تێپەڕ دەبێت، پێویستە بەسیاسەت و عەقڵ و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت نەوەک بە هاتووهاواری سۆشیاڵ میدیا و هاندانی گەنجان بۆ دروستکردنی پشێوی”.
ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێك لە گەنجانی كوردی كەركوك خۆپیشاندانیان كرد دژی خۆپیشاندانی لایەنی عەرەبی و توركمانی، كە ڕێگەی كەركوك- هەولێریان داخستبوو، بەڵام دواتر ئاڵۆزی لێ كەوتەوە و بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە گەنجێك شەهید بووە و دووانی دیكە بریندارن.