لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی خەڵک هیوا سەید سەلیم چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کەڵەکەبووی ساڵانی ڕابردووە و بەئاسانی جارەسەر ناکرێت و کێشەکان جددین.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکە لەهۆکارەکانی هەڵپەسێردراوی کێشەکان و مانەوەیان بە چارەسەر نەکراوی پەیوەندی بە جۆرێتی ئەو شاندانەوەهەیە کە کۆ دەبنەوە و شاندەکانی هەرێم لە ئاستی خەڵکانی بڕیاربەدەستدا نین و هەموو دەسەڵاتێکیان نییە.
دەشڵێت، “لە سالانی ڕابردوودا لە سەر ئاستی باڵا سەردانی بەغدایان دەکرد و بەشداری کۆبوونەوەکانیان دەکرد و هەریەکەیان بانگەشەی ئەوەی دەکرد فڵان دەستکەوتی بەدەستهێناوە، بەڵام لە ئێستادا کە پێویستە بڕۆن، ناڕۆن.
وتیشی، ئەو شاندانەی دەچنە بەغدا دەستی دوون دەبێ بگەڕێنەوە بۆ دەستی یەک لە هەرێمی کوردستان و دانوستانەکان ڕاستەوخۆ نین و هەتا خەڵکی بڕیاربەدەست وەک سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی لە سەر ئاستی هەرێم و بەغدا کۆبوونەوە نەکەن و نەگەنە دانوستان لەوبڕاوایەدام کێشەکان بەهەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.
هیوا سەید سەلیم، باسی لەوەکرد، ئەوەی ئێستا دەکرێت خەمساردییە و گومان دەکرێت هەرێمی کوردستان نەیانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت ئەگەرنا بۆخۆیان سەردان ناکەن و دانوستان ئەنجام بدەن لەبارەی ماف و ئیستیحقاقاتی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەدا.