لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا سوپای تورکیا چەندین هێرشی بۆ سەر باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.
کاتژمێر 00:30 خولەکی ئەمڕۆ هەینی، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر سنووری سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین ئەنجامدا، کە بە پێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە 22 پێگە لە هەردوو زنجیرە چیای ئاسۆس لە سلێمانی و قەندیل لە ئیدارەی ڕاپەڕین بۆردومان کراون.
لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی سەربازی منبج لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بە پشتیوانی تۆپخانە و هێرشی مووشەکی، پەلاماری گوندەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای منبجیان دا و لە ئاکامدا چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا.
ئێوارەی دوێنێش سوپای تورکیا ماڵێکیان لە گوندی چاملی ناوچەی قەلقەلی لە پارێزگاى وانی باکووری کوردستان تۆپباران کرد و بە هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.