ڕۆژهەڵات شەوێكی دیكەی خوێناوی بەڕێكرد



 

شەوی ڕابردوو لە شارەكانی سنە، سەقز، بۆكان و چەند شاری دیكە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوەچوون، پێكدادانی توند لەنێوان ناڕازیان و هێزە ئەمنییەكاندا سەریهەڵدا.

لە شاری سنە لە ئەنجامی پێكدادانی سەختی نێوان ناڕازیان و هێزە ئەمنییەكاندا، گەنجێك بە ناوی هوومەن عەبدوڵڵاهی دوای برینداربوونی بە گولەی هێزە ئەمنییەكان بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

خۆپیشاندانەكان دوای مانگرتنە سەرتاسەرییەكەی دوێنێ بوو، كە شارەكانی كرماشان، جوانڕۆ، سنە، مەریوان، سەقز، مەهاباد، بۆكان، بانە و شنۆ و چەند شار و شارۆچكەی دیكەی گرتەوە.

هاوكات خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین لە زۆر شاری دیكەی ئێرانیش درێژەی هەبوو، بۆیەكەمجار خۆپیشاندانەكان گەیشتنە گۆڕەپانی ئازادی شاری تارانی پایتەختی ئێران.

لە درێژەی ناڕەزایەتییەكاندا بەدریە خامنەئی خووشكی عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای ئێران دژی فەرمانڕاوایانی وڵاتەكەی هاتە دەنگ داوای ڕووخانی كرد.

بەدریە خامنەئی ڕایگەیاند “سیستمەكەی خومەینی و خامنەئی جگە لە ئازار و نەهامەتی هیچی دیكەیان بۆ گەڵانی ئێران بەرهەم نەهێناوە، پێویستە كۆتاییان پێ بێت”.

بەدری حەسەن خامنەئی کە لە ئێران دەژی و خوشکی ئایەتوڵا عەلی خامنەئییە، لە نامەکەیدا ڕەخنەی لە دامەزراندنی دەسەڵاتە ڕۆحانیەکەی ئێران گرتووە لە سەرەتای دەسەڵاتی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینیەوە تاوەکو دەسەڵاتی براکەی. ڕێککەوتی نامەکەش مانگی دوانزەی ساڵی 2022 ە.

بەدری لە نامەکەیدا کە ڕۆژی چوارشەممە لە هەژماری کوڕەکەیدا لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە دەڵێت ” پێم وایە ئێستا گونجاوە ڕایبگەیەنم کە دژایەتی کارەکانی براکەم دەکەم و هاوسۆزی خۆم بۆ هەموو ئەو دایکانە دەردەبڕم کە ئێستا بەهۆی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماتەمینیدان، لە سەردەمی خومەینییەوە سەرکۆنەی دەکەم تاوەکو سەردەمی دیکتاتۆری خەلافەتی عەلی خامنەئی.”

لە نامەکەدا هاتووە دەڵێت ” سوپای پاسدارانی عەلی خامنەئی و بە کرێگیراوەکانی دەبێت بە زووترین کات چەکەکانیان دابنێن و تاوەکو درەنگ نەبووە بچنە پاڵ خەڵکەکە.”

بەپێی دواین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا 123 كەس كوژراون و هەشت هەزار كەس برینداربوون.
ئەو خۆپیشاندانانە نزیك بە سێ مانگە بەردەوامن كە بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقز لەكاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ئێرشادی ئێرانەوە سەریانهەڵداوە.

ئەمریكا: نابێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕۆژئاوا بكرێت
پێت ئەمریكا: نابێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕۆژئاوا بكرێت
لە گرژییەكانی سنە گەنجێك كوژرا
دوات لە گرژییەكانی سنە گەنجێك كوژرا
پەیوەندیدار