کوردەوان هەڵەبجەیی: بڕوام بە پشكنینی DNA نەماوە



كوردەوان هەڵەبجەیی، كە بە یەكێك لە منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە لە كارەساتی كیمیابارانی ساڵی 1988ی شاری هەڵەبجەی شەهید دادەنرێت، لە 15ی شوباتی 2023 لە دوای پشكنینی تاقیگەیی و بە بڕیاری دادگای هەڵەبجە ئەوە سەلمێنرا، كە كوڕی “مەحمود فەتاح”ە، بەڵام باوكی ڕەتی كردەوە و وتی ، “كوڕەكەی لە كارەساتی هەڵەبجە شەهیدبووە”، بەلام ماڵی دایكی وەك كوڕی خۆیان پەسەندیان كرد.

ئەمڕۆ عادل ساڵح، سکرتێری بۆردی یەكلایی كردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەكان لە وەزارەتی شەهیدان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، شاندێكیان ناردووە بۆ دادگای هەڵەبجە تاوەكو جارێكی دیكە نمونەی “DNA” لە كوردەوان وەربگیرێت.

كوردەوان هەڵەبجەیی لە ڕۆژی جیهانی ونبووان ئەمڕۆ چوار شەممە 30ی ئاب لە چاوپێكەوتنێكی بۆ (خەڵك) وتی، “بەداخەوە دووبارە ون دەبینەوە، بۆیە یادی ئەم ڕۆژە ناكەمەوە، چونكە هەر كەسێك، كە دەگەڕێتەوە ناو هەڵەبجە نرخی نییە، لەبەرئەوەی جارێكی دیكە ونی ئەكەنەوە”.

وتیشی، “چەند جارێك پشكنینم كردووە، ئیتر ئەوە چییە هەموو جارێك دووبارە دەكرێنەوە، دوو پشكنینم لەگەڵ مەحمود فەتاح كرد، پشكنینێكم لەگەڵ خوشكەكەم كرد و پشكنینێكیش لەگەڵ پورم كرد، واتە چوار پشكنین و لە هەموویان ئەوە سەلمێنرا، كە من كوردەوانم، بەڵام ئێستا تانەی لێ‌ دراوە، كە سەرلەنوێ‌ پشكنینی دیكە بكرێت، بۆ؟”.

ئاشكراشی كرد، ئەم بەیانییە لەناو دادگا بەمن وتراوە شاندێك هاتووە، كە دەڵێن دووبارە پشكنین بكەمەوە، هەروەها پێش هاتنی شاندەكە، ماڵە باوانم تەلەفونیان بۆ ئەندامی شاندەكە كردووە و پێیان وتوون “ئیشی خۆتان بكەن و ئەیان نێرین بۆلاتان، كە ئەوە بە بەڵگەی دەنگ لامە”.

دەشڵێت: “ئەوە بۆئەوە بە شاندەكە وتراوە تاوەكو بڵێن من كوڕی ئەو خێزانە نیم و دەستكاری پشكنینەكە بكرێت و بڵێن: ئەوەتا كوڕی مەحمود فەتاح نییە” و جەختیشی كردەوە، لە (خەڵك)ەوە ئاگاداریان دەكەمەوە و ڕایدەگەیەنم، كە ئەگەر لە پشكنینیش دەربچێتەوە، كە كوڕی مەحمود فەتاح-م تانەی لێ‌ دەدەم، چونكە باوەڕم بەو پشكنینە نییە لە ئێستاوە.

كوردەوان ئاماژەی بەوەشكرد، لە بەغدا پشكنینمان بۆ كرا لەگەڵ خوشكم و پورم (پشكنینی قژ و لیك و خوێن) و سەلمێنراوە، بەڵام ئەم شاندە تەنها پشكنینی لیكی وەرگرتووە، چۆن بە تەنا بە لیك دەردەچێت؟

ئەو منداڵە ونبووەی هەڵەبجە دووپاتی دەكاتەوە، “من پشكنینی هەرێمی كوردستانم ناوێت و تانەی لێ‌ دەدەم، با لە ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوە پشكنین بكرێت و دەڵێت: “وا بچڕاوم خۆم پێ‌ گرێ‌ نادرێت”.

ڕووونیشی دەكاتەوە، 73 خێزان منداڵی ونبوویان هەیە بۆ تا ئێستا كەس نموونەی لەو خێزانانە وەرنەگرت و ئەو شاندە بۆ بانگی ئەو 73 خێزانەی نەكرد، تەنها بۆ منی دەكەن.

كوردەوان جەختیشدەكاتەوە، “دەمەوێت دادگاكەم بگەڕێنمەوە سلێمانی و لە هەڵەبجە نەمێنێت، چونكە لەناو هەڵەبجە هەمووی بۆتە خزم خزمێنە” و دەشڵێت: “باوەڕم بە دەسەڵاتی هەڵەبجە نەماوە، چونكە من هەموو شتەكانم یەكلایی بۆتەوە و پشكنینی DNA یەك جار ئەكرێت ئەوە من ناردیانم بۆ هەر شوێنێك پشكنینم كرد و دەرچوو، بەڵام هەر تانەی لێ‌ دەدەن، ئیتر ئەو هەموو پشكنینە واتای چی؟”.

دەشپرسێت، “شاندەكە بۆ دۆسیەی مەریەم و ئەعزەمی یەكلایی نەكردەوە؟”.

داهاتی ڕۆژێكی سلێمانی 3 ملیاری تێپەڕاند
پێت داهاتی ڕۆژێكی سلێمانی 3 ملیاری تێپەڕاند
یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی بۆ ساڵ ڕۆژی 31 ی ئاب بڵاوکردەوە
دوات یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی بۆ ساڵ ڕۆژی 31 ی ئاب بڵاوکردەوە
پەیوەنیدر