ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات) شێخ محەمەد بن زاید ئالنەهیان ئەنجامدا.
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا گفتوگۆمان دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە، بەتایبەتی برەودان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان کرد.
دەشڵێت: “سوپاسی سەرۆکی ئیماراتم کرد بۆ پشتیوانیی و هاریکاریی و هاوئاهەنگیی بەهێزی بەرپرسانی دەوڵەتی ئیمارات بۆ سەرخستنی پڕۆژەی هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی هەنار بۆ ئیمارات و لەوێوەشەوە بۆ وڵاتانی کەنداو”.
جەختیشی كردۆتەوە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە، ڕۆڵێکی گرنگ لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکدا بگێڕێ و هەناردەکردی هەنار، دەستپێکی هەناردەکردنی چەندین بەروبوومی دیکەی هەرێمی کوردستانە، لەوانە، سێو و ترێ و هەنگوین.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەردوولا هاوڕابووین لە سەر بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا.