چاوەڕوان دەکرێت ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربارەی مووچە و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بۆ پرسی بودجە کۆببێتەوە، ئەویش دوای ئەوەی وتەبێژی حکومەت دانی نا بەوەی بە بێ ناردنی پارە لە بەغداوە توانای دابەشکردنی مووچەیان نییە.
چاوەڕوان دەکرێت پرسی مووچە و گفتوگۆکان سەبارەت بە ناردنی شایستە داراییەکان، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بێت.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە تا ئێستا حکومەت بە هۆی ڕێکنەکەوتنی لەگەڵ بەغدا نەیتوانیوە مووچەی مانگی حەوت و هەشت دابەش بکات.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند کە “کوردستان پارەی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی نییە، چونکە هەناردەکردنی نەوت ڕاگیراوە، ئێمەش بە تەواوی پشت بەو پارەیە دەبەستین، کە بەغدا بڕیارە بینێرێت”.
پێشتر میدیای یەکێتی هۆکاری دابەشنەکردنی مووچەی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نییە ئەو 598 ملیار دینارە وەربگرێت کە بەغدا دەیەوێت وەکو قەرز بینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەی کێشە داراییەکان یەکلادەبنەوە.
بەڵام دوێنێ وەزارەتی دارایی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتیکردەوە کە پێشنیازێکی لەو جۆرە لە ئارادا بێت و ڕایگەیاند، بەهیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەوە لەبونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تا ڕەتکرابێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە “وەک وەزارەتی دارایی پابەندی خۆمان بەجێبەجێکردنی سەرجەم مادەو بڕگەکانی یاسای گشتی بودجەی عێراق دوپات دەکەینەوەو هیوادارین حکومەتی عێراقیش یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات”.
وەزارەتی دارایی هەرێم جەختیشیکردەوە کە “هەرکات بڕیاری ناردنی هەر بڕە پارەیەک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دراو خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، بەشێوەیەکی فەڕمی ڕایدەگەیەنین وەک چۆن پێشتر ڕامانگەیاندووە”.