میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای دەكات، بەغداد ئامادەیە مانگانە ٥٩٨ ملیار دینار وەکو قەرز بۆ مووچە بنێرێت، بەڵام ھەرێم بەو بڕە پارەیە ڕازی نییە و داوای زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دینار دەکات.
بەپێی هەواڵێك، كە كەناڵی (كوردسات نیوز) بڵاویكردۆتەوە، ئێستا حکومەتی ھەرێم بەھۆی نەھاتنی پارە لە بەغدادەوە، مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابی دابەشنەکردووە و حکومەتی عێراق ئامادەیە مانگانە وەک قەرز ٥٩٨ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، تاکو ئەوکاتەی کێشەکانی نێوان بەغداد و ھەولێر چارەسەردەبن، بەڵام حکومەتی ھەرێم بەو بڕە پارەیە ڕازی نییە.
كەناڵەكە لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێم بڵاویكردۆتەوە، تا بەشە بودجەی ھەرێم بە تەواوی نەیەت، ئامادەنین ئەو بڕە پارەیە وەکو قەرز وەربگرن، چونکە ٥٩٨ ملیار دینار بەشی مووچە ناکات.
بەپێی زانیارییەکان، دیوانی چاودێری دارایی عێراق، ڕاپۆرتێکی لەبارەی خەرجی و داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادەکردووە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراقی کردووە، وەزارەتی داراییش دوای بەراوردکاری و لێدەرکردنی خەرجی و داھاتەکانی ھەرێم، ڕاپۆرتەکە بۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرزدەکاتەوە.
لەکاتێکدا مانگی ئاب بەرەو کۆتایی دەچێت، ھێشتا وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دیار نییە، هاوكات، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، “کوردستان پارەی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی نییە، چونکە هەناردەکردنی نەوت ڕاگیراوە، ئێمەش بە تەواوی پشت بەو پارەیە دەبەستین، کە بەغدا بڕیارە بینێرێت، بەو پێیەی مافی هاووڵاتیانی کوردە، وەک فەرمانبەرانی دیکەی پارێزگاکانی عێراق”.