وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە كرێی ساڵانەی خوێندنی باڵای لە زانكۆ ئەهلیەكان و زانكۆ و پەیمانگاكانی ئێواران دیاریكرد و بەپێی خشتەیەك، بڕی سێ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینار بۆ خوێندنی دكتۆرا دیاریكراوە.
لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا حەیدەر عەبودی وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، وەزارەتەكەیان كرێی خوێندنی بۆ ئەو خوێندكارانەی بە پارە دەخوێنن لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤) دیاریكردوە، بەتایبەت ئەو خوێندكارانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ پسپۆڕییە زانستی و مرۆییەكان.
ئاماژەی بەوەكرد، بڕە پارەی خوێندنی مرۆیی بە دوو ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دینار بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵا و سێ ملیۆن دینار بۆ خوێندنی ماستەر و سێ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینار بۆ خوێندنی دكتۆرا دیاریكراوە.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لەوەکرد، سەبارەت بە كرێی خوێندنی زانستی، سێ ملیۆن بۆ بڕوانامەی باڵا و سێ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینار بۆ ماستەر و چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار بۆ خوێندنی دكتۆرا دیاریكراوە.