ئەو بەنزینەی عێراق بەنیاز بوو هاوشێوەی شارەكان بۆ هەرێمی كوردستانیشی بنێرێت بە 450 دینار كێشەی بۆ دروست بووە و ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئێستا لە عێراقیش قەیرانی کەمی بەنزین هەیە و هەر کاتێک چارەسەر بوو کار دەکەن پشکی هەرێمیش زیاد بێت.
بەهۆی كەوتنەبواری جێبەجێ كردنی یاسای بودجە و ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە عێراق، بڕیار بوو هاوشێوەی پارێزگاكانی عێراق، بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی كوردستانیش ڕەوانە بكرێت لەكاتێكدا ئێستا بڕێكی كەم ڕەوانە دەكرێت و بە نرخی 750 دینار دەدرێت بە شۆفێران.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، ئێمە وەکو لیژنەی نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق بەردەوامین لە کارکردن بۆ زیادکردنی بەشە بەنزینی هەرێمی کوردستان، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق باس لەوە دەکات ئەوانیش بەنزین هاوردە دەکەن و کێشەی کەمی بەنزینیان هەیە و بەشی ئەوانیش ناکات.
وتیشی، “بەردەوام دەبین لە هەوڵەکان و ئەو بەشەی ڕەوانەش دەکرێت کەمە بۆ هەرێمی کوردستان”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لە هەموو پارێزگاکانی عێراق قەیرانی کەمی سوتەمەنی هەیە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەش بەهۆی ئەوەی کێشە لە پاڵاوگەکان هەیە لە بێجی و کەرکوک و کەربەلا، بۆیە کێشەی کەمی بەنزین تەنها لە هەرێمی کوردستان نیە لە هەموو عێراق هەیە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت، کە لە عێراق چارەسەر بوو ئەوکات ئێمەش کار دەکەین پشکی هەرێمی کوردستانیش زیاد بێت و زیاتر لەوەی ئێستا ڕەوانە بکرێت.
پێشتریش، كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، یاسای بودجە كەوتۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە و پێویستە حكومەتی هەرێم جەخت لەوە بكاتەوە لە عێراقەوە بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێم ڕەوانە بكرێت هاوشێوەی پارێزگاكانی عێراق.
وتیشی، “پێویستە بەرپرسانی كورد و پەرلەمانتاران لە بەغدا فشارەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ ناردنی بەشە سووتەمەنی هەرێم لە نەوتی سپی و بەنزین”.