سەرۆک کۆماری عێراق داوا دەکات کێشەکانی ھەرێم و بەغداد لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن و دەشڵێت: ” مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابین بکرێت”.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵا کۆبووەوە و ڕەوشی عێراق و پێشھاتەکان تاوتوێکران.
د. لەتیف رەشید جەختی لەوەکردەوە، پێویستە ھەوڵبدرێت بۆ خزمەتکردن بە دەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆک کۆماری عێراق داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کرد لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، “بەشێوەیەک مافی ھەموو ھاووڵاتیان زامن بکات و خواستەکانیان بەدیبێت، ھەروەھا پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم”.
دەشڵێت: “بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵات، كە كاریگەری دەبێت لەسەر باشترکردنی خزمەتگوزاری و ڕەوشی ژیانی ھاووڵاتیان لەڕێگەی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و پشتگیریکردن لە وەبەرھێنان و کەرتی تایبەت”.