ئەمڕۆ 27ی ئابى 2023، دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق دوایین کۆبوونەوەى لەبارەى سێ سکاڵاوە کرد کە لە دژى بڕگەیەکى یاسای داهاتى شارەوانییەکانى عێراق تۆمارکرابوو، کە بەکارهێنان و کڕین و فرۆشتن و بازرگانیکردن بە مادەى هۆشبەر قەدەغە دەکات و سکاڵاکانى رەتکردەوە.
سکاڵاکان لەلایەن لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمارى عێراق، ئەسوان کلدانى، سەرۆکى فراکسیۆنى بابلیون لە پەرلەمانى عێراق، مۆلەر مازن یوسف، لەیس یوسف سڵێوە، ئەرشەد خەیرى عەلى، جۆزێف سلێوە تۆمار کراون و سکاڵالێکراوان محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوون.
لە مادەی 14ی یاساى داهاتى شارەوانییەکان هاتووە کە “هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەغە دەکرێت.”
بڕگەی دووەمی ئەو مادەیەش سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، کە پێچەوانەی ئەو دەقە کاردەکەن و پێبژاردنى دارایی دیاریکراوە کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
ئەمڕۆش دادگا هەرسێ سکاڵاکەی ڕەتکردەوە کەلەسەر ئەو ماددە کحولیانە تۆمارکرابوون.