سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەی ڕایگەیاند، كە كۆنگرە دەكەنە 2 ساڵ جارێك وەك حزبەكانی ڕۆژئاوا و دەشڵێت: “ئەنجوومەنێکی کارا لە هەڤاڵانی تێکۆشەر دروست دەكەین”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەكەی دوایین ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی پێنجەم گفتوگۆی لەبارەوە کرا، کە بڕیارە رۆژی 27ی ئەیلول 2023 سازبکرێت.
ڕاشیگەیاند، نەریتی بەستنی کۆنگرە بەشێوەیەک ئاسایی دەکەینەوە، کە وەک حزبەکانی ڕۆژئاوا دوو ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستین، چونكە كۆنگرە بۆ جۆشدانەوەی زیاتری خەباتە لە پێناو سەرخستنی بەرنامەی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و باشکردنی ژیان و گوزەرانیانە.
وتیشی، “بە پشتیوانی خوا کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو ئەنجام دەدەین، پێکەوە دەچینە کۆنگرە و پێکەوە بەسەرکەوتوویی دێینە دەرەوە”.
سەرۆكی یەكێتی ئاشكراشی كرد، لە کۆنگرە ئەنجوومەنێکی کارا لە هەڤاڵانی تێکۆشەر دروست دەکەین، کە سەنگ و دەسەڵاتی هەبێت و یارمەتی ئێمە بدات لە سەرخستنی کارەکانمان.
جەختیشی كردەوە، بە هەمان گیانی یەکهەڵوێستی و یەکگوتاریی یەکێتی، کە بووەتە مایەی ستایش و دەستخۆشی دۆستانمان لە عیراق و هاوپەیمانەکانمان لە دونیا لە ئەرکەکانیان بەردەوامبن.