پەرلەمانتارێكی نزیك لە نوری مالكی، وردەكاری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر یاسای نەوت و غاز ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، بە دەرکردنی یاساكە دەتوانرێت کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حكومەت بهێنرێت.
ئەحمەد فەواز، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، گرنگترین ئاستەنگ لە بەردەم تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غازی فیدڕاڵی، هەبوونی ناکۆکییە لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکانی نەوت لە نێوان بەغدا و هەرێمدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لەبابەتی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکانی نەوت، پرسی دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکان لە ئیدارەدانی دامەزراوە نەوتییەکاندا یەکێکی ترە لەو خاڵانەی هەرێم و بەغدا لەسەری ناکۆکن.
دەشڵێت: “بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز دەتوانرێت کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان بهێنرێت”.
نەوت و غاز لەو یاسا گرنگانەن، کە بەهۆی ناکۆکییەکانەوە بۆ ٤ خوولی پەرلەمان دواخراون، حکومەت هێشتا ئامانجی ئەوەی هەیە کە بڕگەی بابەتی دابڕێژێت، کە کۆدەنگی لەسەربێت و ببێتە هۆی پەسەندکردنی.
لای خۆشیەوە، تركی جدعان، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، ژمارەی خاڵە هەڵپەسێردراوەکان لە یاسای نەوت و غازدا دەگاتە ١٤ خاڵ، کە نیوەیان لەڕێگەی کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان لیژنە تەکنیکییە تایبەتمەندەکانەوە تێپەڕێنراوە.
ڕاشیگەیاندووە، “پشتیوانی سیاسی لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە هەیە بۆ ئەوەی هەموو ناکۆکی و ئاستەنگەکان تێپەڕێنین بۆ گەیشتن بە قبوڵکردن، کە پشتگیری لە بژاردەکە دەکات بە پەسەندکردنی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا”.
پڕۆژە یاسای نەوت و غاز یەكێكە لەو پڕۆژە گرنگانەی لە پرسە ناكۆكەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە و لە ئێستادا، كە كورد بەشێكی پێكهێنەری ئیدارەی دەوڵەت و حكومەتی نوێی عێراقە بە سەرۆكایەتی سودانی، چاوی لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیەتی لە یاساكەدا، بەجۆرێك مافی لە نەوت و غازدا هەبێت، كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەناردەی كردووە و داهاتی سەرەكی بووە بۆ حكومەتی هەرێم.
بەپێی ڕێككەوتنی پێكهینانی حكومەتی عێراق، هەرێمی كوردستان بەشدار دەبێت لە داڕشتنی پڕۆژە یاسای نەوت و غاز و لە ئێستتاشدا لیژنەیەكی باڵا گفتوگۆ لەسەر داڕشتنی دەكات، كە نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی تێدایە و چەند بەرپرسێكی دیكەی هەرێم لە بەغدا تیایدا بەشدارن.