دوا فیشەكی بە كۆتاهاتنی قۆناغێك!



د. كامەران مەنتك

لە ڕووی سەرچاوەكانی هێزەوە، گەورەترین هێز لە بەردەستی كورد دایە، كورد لە مێژووی نوێدا هێندە چەكدارەی نەبووە و ئەو جۆرە چەكانەی لە بەردەست دانەبووە، لە هەموو ئەوانەش گرنگتر پێگەی جیۆستراتیژی كوردستان، لەو ململانێ سەختەی لەسەر سەپاندنی هەژموونی و داڕشتنەوەی سیستەمی جیهانیدا دەگوزەرێت، ڕۆڵێكی ئێجگار گرنگ و یەكلاییكەرەوە دەبینێت، ئەگەر بێتوو بە شێوەیەك باش سوودی لێوەربگیرێت، ئەمە جگە لە سەرچاوەكانی تری هێزی ئابووری، سیاسی، مێژوویی، كۆمەڵایەتی و….هتد.

كەچی سەرباری ئەو هەموو هێزە، دۆخی كوردستان لە هەستیارترین و مەترسیدارترین قۆناغی خۆیدایە، ئەو هێزە گەورانەی چەكداریان هەیە، وەك پەكەكە، پارتی و یەكێتی، شیروتیر لە یەك دەسوون، نێوان پارتی و پەكەكە، بە هەمان شێوە پارت و یەكێتی ڕۆژ بە ڕۆژ گرژتر دەبێت.

ئەو گرژییە مەترسی زۆر گەورەی لێدەكرێت، تەقینەوەو شەڕی چەكداری لێبكەوێتەوە، هەرچەندە زۆر كەس پێی وایە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئەو هێزانە، بە تایبەتیش بەرژەوەندی ئەو دوو بنەماڵەیەی پارتی و یەكێتی بەڕێوەدەبەن، دەرفەتی دایسانی شەڕی ناوخۆ زۆر كەمدەكاتەوە، بەڵام ڕاستی بابەتەكە ئەوەیە، كە گەمەیەكی هەرێمی و جیهانی زۆر مەترسیدار لە ژوورە تاریكەكاندا دەگوزەرێت، كە بە گەرمی كار بۆ دایساندنی شەڕێكی لەو جۆرە، واتە دایساندنی جەولەیەكی تری شەڕ ناوخۆ دەكات.

گومانی تیا نییە هەر تەقەیەك لە هەرێم بكرێت، دوا فیشەك و دوا تەقە دەبێت لە هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆدا بیتەقێنن، لەبەرئەوەی ئەو دۆخە هەرێم و جیهانییەی ئێستا لە ئارادایە، زۆر جیاوازە لە دۆخی ساڵان نەوەكان و نابێت چاوەڕوانی ئەوە بن، واشنتۆن و پاریس بكەوێتە نێوانیان و ناوبژیوانیان بكات، بەڵكو دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبن، كە هێزەكانی عێراق بەناوی سەپاندنی سەقامگیری و گەڕاندنەوەی شەرعیەت، پەلاماری هەرێم بدەنەوە و حكومەتی ناوەند بەهێز بكەنەوە، ئەمەش ڕەنگبێت یەكێك بێت لەو ستراتیژیانەی بە گەرمی كاری لەسەر دەكرێت، لەكاتێكدا ئاشكرایە دوای داخستنی دەرگا پەرلەمان، دەسەڵاتی سیاسی كوردی هیچ شەرعیەتێكی نەماوە دەست پێوە بگرێت، مەسەلەی جێگیربوونی هەرێمیش لە دەستووری عێراق، بۆ ماوەیەك عێراقیش پشتگیری لێدەكات و دواتر دەستوور هەموار دەكەنەوە!

دیارە ئەوانەی پێشیان دەڵێن دۆستەكانی كورد لە هێزە ڕۆژئاواییەكان، ئەوانیش بە بیانووی ئەوەی هەموو هەوڵێكیان دا لەگەڵیان بۆ ئەوەی هێز پێشمەرگە یەكخەنەوە و بەلایەنی كەم وەك ڕێگەیەك بۆ خۆ دوورخستنەوە لە شەڕ ناوخۆ بەكاربێنن، كەچی لەجیاتی ئەوە ئەوان ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو هێزە زیاتر لێكدەترازێنن.

بۆیە لە دواجاردا ئەوانیش لەگەڵ داخستنەوەی پەردە شانۆی ئەو هەرێمە، لەگەڵ هێزە هەرێمییەكانی تر وەك سوریا، توركیا، عێراق و ئێران چەپڵە لێبدەن و بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەپارێزن، كە لە بنەڕەتدا خۆشیان لە دواوە بەشێك زۆری یاریزانەكانی سەر تەختەی شەترەنجەكە دەجوولێنن!؟

شاراوە نییە، كە سیستەمی سیاسی جیهانی و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، لە هەموو ڕووێكەوە بە هەستیارترین دۆخی خۆیدا تێپەڕ دەبێت، سەرەتای مەشقكردن لەسەر هەنگاوەكانی خۆپارێزی، لەكاتی دایسانی شەڕێكی گەورە، بە ئاشكرا و بە نهێنی لە زۆر وڵاتاندا دەستیپێكردووە، كەچی تاوەكو ئێستا مییلەتی ئێمە، بەدەست كێشەكانی نێوان ئەو دوو بنەماڵە سیاسییە دەناڵێنێت.

هەرگیز ناكرێت گرەو لەسەر بەرژەوەندی و لایەنی ئابووری پارتی و یەكێتی بكرێت، بۆ دوورخستنەوەی ئەگەرەكانی شەڕی ناوخۆ، لەبەرئەوەی ئەمجارەیان دۆخەكە هێندە ترسناكە، ئەوان تەنیا لە خەمی ڕزگاركردنی سەری خۆیان دەبن نەك گیرفانیان، داگیركەرانیش وەك هەمیشە سەریان دەپارێزن و گیرفنیشیان خاڵی دەكەن.

كەواتە ئەگەر دۆخەكە بتەقێتەوە، مەسەلەی كورد و خەباتی نەتەوەیی و ئەو جۆرە دروشمە گەورانە باویان نامێنێت و بەكۆتا دێن، شەڕ دەبێتە شەڕی ڕزگاركردن سەری خۆیان و تێكشاندنی خەونی كورد، كە بە مانەوەی سەری ئەوان سەودای پێدەكرێت، بۆیە ئەگەر هەر جەولەیەك تری شەڕی ناوخۆ، لە پەنای هەر بیانووێكدا دەستپێبكات، كە ئێستا هەنگاوەكانی زەمینە بۆ خۆشكردنی دەستیپێكردووە، دوا فیشەكی بە كۆتاهێنانی قۆناغێك و سەرەتای دەستپێكردنی قۆناغێك تر دەبێت، كە كورد تیایدا زۆر دەرفەتی گەورە لە دەستدەدات و دوای ئەوەش دەبێت چاوەڕوانی زۆر كارەساتی گەورە بكات!

هۆكاری نەهاتنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە ئاشكراكرا
پێت هۆكاری نەهاتنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە ئاشكراكرا
( Retribution – تۆڵەسەندنەوە) نوێترین بەرهەمی نیسنە
دوات ( Retribution – تۆڵەسەندنەوە) نوێترین بەرهەمی نیسنە
پەیوەنیدر