بەمزووانە سیناتۆرەكانی كورد لە بەغدا دەبینین



كارۆ كاوە

كاتێك دەڕوانینە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی سیستەمە دیموكراسییەكانی جیهان، ڕاستەوخۆ بەر چەمكی جووداكردنەوەی دەسەڵاتەكان لێكدی (الفصل بين السلطات) دەكەوین، كە ئەمەش واتای جیاكردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتی (یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەرییە) لێكدی، ئامانج لەمەش ڕێگریكردنە لە كۆنتڕۆڵكردنی كۆی جومگەكانی دەسەڵات لەلایەن هێز و لایەن و پارت و كەسانێكی دیاریكراوە.

دابەشكاری دەسەڵات هەر بەمە ڕاناوەستێت، بەڵكو زیاتر وردتر دەبێتەوە لە دەسەڵاتی یاساداناندا، بە تایبەت لەو وڵاتانەی كە سیستەمی فیدڕاڵیان هەیە بۆ حوكمڕانی، ئەمەش بە دابەشكردنی دەسەڵاتی یاسادانانە بەسەر دوو ئەنجومەن یاخود دوو ژووری جوودا، كە ئەنجوومەنێكیان بە ئەنجوومەنی نوێنەران دەناسرێت، ئەنجوومەنەكەی دیكەش بە ئەنجوومەنی فیدڕاڵی یان پیران یان هەر ناوێكی دیكە كە لە دەستووری وڵاتەكەدا ئاماژەی پێدرابێت دەناسرێت.

بەشێوەیەكی گشتی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی بە ژووری سەرەوە دەناسرێت لەبەر ئەوەی دەسەڵاتەكانی زیاترە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەران.

فەلسەفەی بوونی ئەم دوو ئەنجوومەنەش لە سیستەمە فیدڕاڵییەكان بۆ پێدانی گەرەنتی بە هەرێمە بچووكەكانی وڵاتەكە دەگەڕێتەوە، بۆنموونە ولایەتی كالیفۆڕنیا لە ئەمریكا بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتووانی ٥٢ نوێنەری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكادا هەیە ئەمە لە كاتێكدایە كە ولایەتێكی بچووكی وەكو ڤێرمۆنت تەنها یەك نوێنەری لە ئەنجوومەنەكەدا هەیە.

بەڵام بۆ ئەنجوومەنی پیران ولایەتی ڤێرمۆنت دوو نوێنەری هەیە، ولایەتی كاڵیفۆڕنیاش دوو نوێنەری هەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو دەبینین كە عێراق لە سەردەمی پاشایەتییدا خاوەنی دوو ئەنجوومەنی یاسادانان بوو، بەڵام لە ڕووداوەكانی ١٤ی٧ی ١٩٥٨ و نەمانی ڕژێمی پاشایەتی لە عێراق و دانانی دەستووری نوێ بۆ وڵات، تەنها ئەنجوومەنی نوێنەران مایەوە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و پەسەندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، دووبارە ئاماژە بە بوونی دوو ئەنجوومەنی لە عێراقدا كرایەوە كە ئەمەش لە مادە (65) دەستووردا ئاماژەی پێدراوە كە دەقەكەی بەمشێوەیە: ئەنجوومەنێكی یاسادانان دادەمەزرێت كە پێی دەوترێت (ئەنجوومەنی فیدڕاڵی)، نوێنەرانی هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێكدا ڕێكنەخراون دەگرێتەوە، پێكهێنانەكەی و مەرجەكانی ئەندامێتی تێیدا و تایبەتمەندیەكانی و هەموو ئەوەی پەیوەندیدارێتی، بە یاسایەك ڕێكدەخرێت كە بەزۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بێت.

لێرەدا هەڵەیەكی دەستووری كراوە لەكاتی نوسینەوەی دەستووری هەمیشیەیی عێراق، ئەویش پێكهێنان و دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بەجێهێشتووە كە بەیاسایەكی تایبەت دیاریبكات، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەگەر كێشەی گەورە هەبوو لە نێوان هەردوو ئەنجوومەنەكەدا ئەوا ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبستێت بە دەركردنی یاسایەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی عێڕاق!.

ئەنجوومەنی فیدڕاڵی ڕێگرە لە پەنابردنە بەر چەكی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەركردنی یاساكان، كە ئەمەش گەرەنتیەكی باشە بۆ گشت پێكهاتە و هەرێم و شارەكانی وڵات، هەروەها پەلەنەكردن لە دەركردنی یاسا لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران.

خاڵێكی دیكەی باشی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی بەرزی ئاستی مەعریفی و زانستی نوێنەرەكانێتی، چونكە بەشێوەیەكی گشتی ئەو كەسانی كە دەچنە ناو ئەنجوومەنی فیدڕاڵی دەبێت كەسانی خاوەن توانا و لێهاتووی و ئەزموون بن.

لەساڵی ٢٠٠٥ تاوەكو ئێستا ئەم ئەنجوومەنە دروستنەكراوە، بەڵام لە ئێستادا ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەم خوولەی پەرلەمان یاسای ئەنجوومەنی فیدڕاڵی بخاتە دەنگدانەوە، بوونی ئەم ئەنجوومەنە دەبێتە خاڵی وەچەرخان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئیدی هەرێمی كوردستان دەبێت لە ڕێگای سیناتۆرەكانیەوە لە بەغدا شەڕی یاسایی و سیاسی خۆیان بە فۆڕمێكی جودا و پێشكەوتوتر بكەن.

( Retribution – تۆڵەسەندنەوە) نوێترین بەرهەمی نیسنە
پێت ( Retribution – تۆڵەسەندنەوە) نوێترین بەرهەمی نیسنە
ئۆتۆمبیلێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا
دوات ئۆتۆمبیلێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا
پەیوەنیدر