هەرچەندە بڕیاربوو شاندی هەرێمی کوردستان سبەینێ جارێکی دیکە بچنەوە بەغدا، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی باوکی وەزیری نەوتی عێراقەوە سەردانەکە دواخراوە.
بڕیار بوو شاندەکە لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوت کۆببێتەوە، لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق گفتوگۆ بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان هۆکاری دواخستنی سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا پەیوەندی بە کۆچی دوایی باوکی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراقەوە هەیە.
رۆژی ١٥ی ئابی ٢٠٢٣، کۆتاجار شاندی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و لەبارەی یاسای بودجەوە گفتوگۆان لەگەل بەرپرسانی عێراق کرد.