بەگوێرەی نوێترین توێژینەوە کە لەلایەن دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە ئەنجامدراوە یەک ملیۆن منداڵی عێراقی کە تەمەنیان لەخوار ١٥ ساڵییەوەیە بێبەشن لە هەبوونی خواردنێکی باش و تەندروستی و هەلی خوێندن و ژمارەیەک لەوان پیش ئەوەی بگەنە تەمەنی پێگەیشتن و تێپەڕاندنی تەمەنی منداڵی دەست بە کارکردن دەکەن و لەکاتی کارکردنیاندا توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.
لایخۆیەوە دنیا ئەلشەمەری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەڕلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، جەخت دەکەنەوە لەو یاسایانەی کە لەبەرژەوەندی منداڵانن و پشتگیری بەرژەوەندییەکانیان دەکەن بۆبەردەوامیدان بەخوێندن کە بەهۆی گرفتی هەژاری خێزانەکانیانەوە و بۆ پەیداکردنی بژێوی ناچار بە کارکردن بوون.
ئەوەش لەکاتێکدایە عەبد الزەهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق باسی لەوەکردووە، منداڵان رێژەی ٤٠٪ی کۆمەڵگە پێک دەهێنن و بەهۆی چەندی ن بارودۆگی خراپ کە لەم ساڵانەی دواییدا بەسەر وڵاتەکەدا هاتووە وەک توندوتیژی و قەیرانی ئابوری و قەیرانەکانی دیکە کاریگەری نەرێنییان لەسەر منداڵان هەبووە.
وتیشی، یەک ملیۆن منداڵ لە عێراقدا بێبەشن لە خواردن و خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن و بەرێژەی ٥٪ کاردەکەن و دیاردەی هەژاریش هۆکاری یەکەمە کە وای کردووە خێزانەکان منداڵەکانیان بخەنە بەر کارکردن و بەدەستهێنانی بژێوی ڕۆژانە و بەردەوامیدان بە ژیان.
هاوکات، بەگوێرەی توێژینەوەکان ڕێژەی منداڵان لە عێراقدا زۆرینەی ئەو ٤.٥ ملیۆن عێراقییە پێکدەهێنن کە بەهۆی ململانێکانەوە مەترسی هەژارییان لەسەرە.