بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر سكاڵای كچێك و بە تۆمەتی فریودانی، تۆمەتبارێك لە لایەن بنكەی پۆلیسی راپەڕینەوە دەستگیركرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاش ئەوەی كچێك سكاڵای تۆماركرد كە لەلایەن كەسێكەوە فریودراوە و بڕێك پارە و ئاڵتونی لێسەندراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد، دەركەوت كە تۆمەتبار بەناوی خوازراوەوە و بە بەكارهێنانی هەژماری ساختە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، بە بیانوی هاوسەرگیری هەشت هەزار دۆلار و بڕێك ئاڵتونی لە سكاڵاكار سەندووە.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لێكۆڵینەوە و بە دواداچوونەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو، سەرەنجام توانرا شوێنی تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت و دەست بەسەر بڕێك پارەدا بگیرێت كە بەتۆمەتبار بووە .
ئێستا بڕیاری دادوەر تۆمەتبار (ه، أ، ح لە دایكبووی 1985 ) بە پێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و دانی بەتاوانەكەیدا ناوە.