عەمید زیاد قەیسی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی عێراق بە ئاژانسی فەرمی ھەواڵەکانی عێراقی راگەیاندووە، بە رێنمایی سەرۆکوەزیران و سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ، بە چاودێری بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی عێراق لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ بەسەرپەرشتی فەریق تارق روبەیعی بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی عێراق، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی ھەرێم و ئەندامێتی ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی عێراق و ھەرێم و دەستەی گشتی گومرگی ھەرێم پێکھێنراوە.
وتیشی، ئەرکی ئەو لیژنەیە گفتوگۆکردنە لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بە مەبەستی یەکخستنی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ عێراق و ھەرێم کوردستان، چونکە ھەردوولا دەیانەوێت لەسەرتاسەری عێراقدا بە یەک شێواز ئۆتۆمبێل ھاوردە بکرێت.
نەبوونی میکانیزمی گونجا و تایبەتمەندی و مەرجی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، وایکردووە بازاری هاوردەی ئۆتۆمبێل لە هەرێم و عێراق زیاتر ببێت، و هەندێک لەو ئۆتۆمبێلانەش بەپێی وتەی بەرپرسانی هاتووچۆ، مەرجی سەلامەتییان کەمەو شیاوی ئەوەنین بەکاربهێنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هاوردەکردنیان بەردەوامە بەشێوەی جۆراوجۆر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.