سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و سكرتێری ڕێكخراوی بەدر، وەزیری دەرەوەی تورکیای لە پێویستی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە خاکی عێراق ئاگادار کردەوە و ڕایگەیاند، هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لەسەر خاكەكەی ڕەتدەكاتەوە.
نووسینگەی سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هادی عامری، لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا، پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کردووە و باسیان لە پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرد، هەروەها پەیوەندییە دووقۆڵی و ئابووری و گرنگی بەهێزکردنیان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات تاوتوێکرا.
ئاماژە بەوە کراوە، “لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە مەلەفی ئاو کرد، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی یەکلاکردنەوەی قەیرانەکە و پەرەپێدانی چارەسەری کاریگەر بۆ عێراق بۆ بەدەستهێنانی بهشی ئاو و نەهێشتنی قەیرانی وشکەساڵی کردۆتهوه”.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، هەردوولا جەختیان لە گرنگی ڕێزگرتن لە سەروەری نیشتمانی هەردوو وڵات و ڕێگرتن لە هەر پێشێلکارییەک یان دەستدرێژییەک کردەوە، هەروەها پێویستی بە ئەولەویەتدان بە زمانی دیالۆگ و هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک و ڕەخساندنی کەشێکی سەلامەت و سەقامگیر لەسەر سنوورەکانی نێوانیان ئەو دوو وڵاتە.
هادی عامری جەختی لە پێویستی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکەکانی عێراق كردۆتهوه و ڕایگەیاندووە، عێراق بەگوێرەی دەستورەكەی ڕێگە بەوە نادات گرووپی چەكدار لەسەر خاكەكەی هەبێت و هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لەسەر خاكەكەی ڕەتدەكاتەوە.