ئەمڕۆ چوارشەمە، ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە تۆم توگێندهات، وهزيرى بهريتانيا بۆ كاروبارى ئاسايش و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا کۆمەڵێک بابەتی تایبەت بەهەردوولا تاوتێکرا.
هەردوولا هاوڕابوون پاراستنی یەکڕێزی ناوماڵی کورد لەلایەکەوە کاریگەری هەیە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سیاسی هەرێم و عێراق و تەنانەت ناوچەکەش، بەوپێیەی هێشتا مەترسی تیرۆر و گروپە تیرۆریستییەکان لە ئارادایە.
لەلایەکی دیکەشەوە تۆم، ڕایگەیاند، یەکڕیزی کورد بۆ پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، گرنگە و کوردەکان دەتوانن بەهێزی زیاترەوە لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا بەشداربن و کێشەکان یەکلایی بکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازییەکانی ناو وەزارەت کرا. لەمبارەیەوە وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش جەختی لەسەر گرنگی چارەسەر کردنی کێشەکانی ناو وەزارەت کرد، چونکە بەردەوامی کێشەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری هەرێم و عێراق دادەنێت.
شاندەکەی بەریتانیا داوایکرد حکومەتی هەرێم زیاتر هاوکاربێت بۆ بنەبڕکردنی تاوانی رێکخراو و بەرەنگاربوونەوەی باندەکانی مادەی هۆشبەر و نەهێشتنی کۆچی نایاسایی.
جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی ئەوەیە کە بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن بێنە هەرێمی کوردستان و هەروەها زیاتر هاوکار و بەشداربن لە گەشەپێدانی ئابوری هەرێم.