وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند، سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، گرنگی بە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدات.
فوئاد حوسێن لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی و وەزیری دەرەرەی میسر، سامح شوكری كە لە عەممان ساز كرا ڕایگەیاند، لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی و سامح شوكریدا، ژمارەیەك پرسی پەیوەستداریان بە عێراق، ئوردن و میسر تاوتوێ كردووە.
ئاماژەی بەوەیش دا، میكانیزمی كاری سێقۆڵیی نێوان عێراق، ئوردن و میسر لەسەر بنەمای كاری ھاوبەشدا ئەنجام دەدرێت “لە میانی كۆبوونەوەكەماندا، باسمان لە پڕۆژە ئابوورییەكان و دووەمین كۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریكاری و ھاوبەشیی كە لە ٢٠ی ئەم مانگەدا لە عەممان ئەنجام دەدرێت كردووە”.
باسی لەوەش كرد، لە ماوەكانی داھاتوودا، كۆبوونەوەی سێقوڵیی دیكە لە بەغدا ئەنجام دەدەن.
وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕاشیگەیاند، سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، گرنگی بە بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدات.
هاوكات وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی ڕایگەیاند، وڵاتەكەی پاڵپشتی لە ئاسایش و سەروەریی عێراق دەكات “عێراق دەستی كردووە بە پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوە”.
ئاماژەی بەوەیش دا، بەم نزیكانە، كۆبوونەوەی سێقوڵیی دیكە لەنێوان ئوردن، میسر و عێراق لە بەغدا ئەنجام دەدرێت.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەرەی میسر، سامح شوكری ئاماژەی بەوەدا، كار دەكەن بۆ پتەوتركردنی تەواوكاریی نێوان میسر، عێراق و ئوردن “پاڵپشتی تەواو لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەین”.
دوێنێ دووشەممە، فوئاد حوسێن و سامح شوكری بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سێقۆڵیی عێراق، میسر و ئوردن گەیشتنە عەممان.
بڕیارە دووەمین كۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریكاری و ھاوبەشیی بە بەشداری سەركردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب، ناوچەكە و نێودەوڵەتی لە ٢٠ی ئەم مانگە لە عەممان پایتەختی ئوردن ئەنجام بدرێت.
یەكەمین كۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریكاری و ھاوبەشیی لە مانگی ئابی ٢٠٢١ لە بەغدا ئەنجامدرا.