وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە لە بەغدا ئەنجام دەدرێت، بۆ دانانی وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی باڵای هەردوو ووڵات لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە لەگەڵ وەزیری نەوت هایان عەبدولغەنی و وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا ئاڵپ ئەرسەلان بەیرەکتار لە ئەنقەرە کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا هەردوولا کۆمەڵێک بابەتی دووقۆڵی و ناوچەییان توتوێ کرد کە بەرژەوەندی هاوبەشیان تێدا هەبوو.
بابەتی هێڵی بۆرییەنەوتەکانی نێوان تورکیا و عێراق تەوەرێکی تری باسەکان بوون.
بابەتی دەستپێکردنەوەی ڕۆیشتنی نەوتی خاو،یەکێکی تربوو لە تەوەری کۆبوونەوەکان کە تێیدا جەختیان لە زوو ڕاییکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەو بۆریانە کردەوە، کە لەدوای بومەلەرزە بەهێزەکەی 6ی شوباتی 2023 زیانیان بەرکەوتبوو.
هەردوولا جەختیان لە پێشخستنی ئاسۆی هاوکاری هاوبەش لە بوارەکانی وزە، نەوت و گاز، پەیوەندی کارەبایی کردەوە.
لیژنەی ئابوری هاوبەشی عێراق و تورکیا بە سەرۆکایەتی هەردوو وەزیر بڕیاریاندا، نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە لە بەغدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی وادەیەک دیاری بکەن بۆ بەستنی کۆبوونەوەی گەورە لەسەر ئاستی باڵا، بۆ تاوتوێکردنی دوایین ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگای تورکیاوە.