ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ڕایگەیاند، “ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ڕێگەی ڕاپۆرت و داتاوە هۆشداری توند بە هەرێم دەدرێت، کەچی بەرپرسانی هەرێم هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نانێن و دەبێت تێبگەن کە بەبێ یەکگرتوویی و کاری هاوبەشی لایەنە کوردستانییەکان، هەرێمی کوردستان زەرەری گەورەی بەردەکەوێت.”
حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، لە میانی بەشداریکردنی لە سیمینارێکی یاسایدا کە تایبەت بوو بە پزیشکی دادی، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، “سەروەری یاسا پایەکی گرنگی گەشەکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتییە، نابێت ڕێگە بدرێت دادگاكان بە سیاسی بكرێن، کاتێک دادگا سەروەر نەبێت مەترسی ئەوە زیاتر دەبێت، هاوڵاتیان لە جیاتی پەنابردن بۆ دادگا، هەوڵبدەن خۆیان كێشەكانیان چارەسەربكەن، کە ئەوەش تاوان زیاتر دەکات.”
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ھەرێمی كوردستان حاکم قادر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “چەند جارێک هۆشداریمانداوە هەرێم لە بەردەم ئاڵەنگاری گەورەدایە، بە داخەوە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش زەنگی لاوازبوون و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم لێدەدەن، دەبێت هەموو لایەنەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی، لەم قۆناغەدا لە جیاتی هەڵدانەوەی پەڕە کۆنەکان، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و لێکنزیکبوونەوە بدەن، چونکە لەم دووبەرەکی و لێکترازانەی ئێستا هەیە، هەرێمی گوردستان و گەلەکەمان زەرەر دەکات.”
وتیشی، “ناکرێت ئەو هەموو هۆشدارییە نەبیسترێت و بەرپرسان و بڕیاربەدەستانی ئەم وڵاتە هێندە بێدەربەست بن، پێویستە بە خێراترین کات هەنگاوی کردەیی بۆ لێکنزیکبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بنرێت، بە پێچەوانەوە باجی گەورەی لێدەکەوێتەوە.”
رشیگەیاند:”پەكخستن و دواخستنی لەوە زیاتری یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە زیانێكی گەورە بە گەلی كوردستان و پرۆسەی سیاسی لە ھەرێم دەگەیەنێت و ئەركێكی گرنگە ئەو پرۆسەیە لە ئێستادا دوانەخرێت و چاکسازی تەواو لەو هێزەدا بکرێت و هێزەکە بکرێتە نیشتیمانی، قۆناغەكە وا دەخوازێت لایەكانی ھەرێم بەتایبەت یەكێتی و پارتی رێنمایەكانی ھاوپەیمانان و دۆستەكانمان جێبەجێ بكـەن بۆ دروستكردنی ھێزێكی نیشتیمانی.”
لە كۆتایی وتارەكەیدا حاكم قادر باسی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد و ڕایگەیاند، “ناکرێت بەغدا بەو شێوەیەی ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم لە چاوەڕوانیدا بھێڵێتەوە و هەر مانگە و بەبیانوویەک ناردنی شایستە داراییەکان دوابخات، چونكە فەرمانبەرانی هەرێم بەشێکن لە فەرمانبەرانی عێراق و پێویستە نوێنەرانی گەلی کوردستان فشارەکانیان چڕبکەنەوە و چیتر ڕێگە نەدەن مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە دوابخرێت، چونکە حکومەتی فیدڕاڵی لە جیهاندا تایبەتمەندی خۆی هەیەو لە ئێستادا بەغدا لەگەڵ هەرێم وەک حکومەتێکی فیدڕاڵی مامەڵە ناکات”.