سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە هاووڵاتیان دەكات، “هاوكار و پاڵپشتی حكومەت بن، چونكە حكومەت هی خۆتانە و موڵكی گەڵە” و ڕایدەگەیەنێت، ئەو ڕۆژە نەما كە كەسێك یان لایەنێك بیر لەوە بكاتەوە كیانی هەرێمی كوردستان نەهێڵێت كە بە خوێن و فرمێسكی میللەتەكەمان دامەزراوە
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەردانەكەیدا بۆ ناوچەی بادینان لە شارۆچكەی سێمێل لە وتارێكدا بۆ ڕێكخراو و چالاكوانان و كادیرانی حزبەكەی ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی گرفتە سیاسییەكانی بەردەم هەڵبژاردن چارەسەر ببن و بە پێویستیشی زانی، كە بۆ ئەوەی یەكبوون و یەكڕیزی بێتە ئاراوە، لایەنە سیاسییەكان كۆسپ بۆ ئامانجە ستراتیژییەكان و دۆزی رەوای میللەتەكەمان دروست نەكەن.
بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی كورتەیەكی مێژوویی لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لە 20 ساڵی ڕابردوو باس كرد. هەروەها هێمای بە پابەندنەبوون بە دەستوور و ڕێزنەگرتن لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵەكان بۆ دروستكردنی كۆسپ بۆ هەرێمی كوردستان داوە و وتی، “ئەو هەوڵانە دەبنە مایەی قووڵتربوونی كێشەكان و هیچ ئەنجامێكیشی نابێت”.
بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە ئەو ڕۆژە نەما كە كەسێك یان لایەنێك بیر لەوە بكاتەوە كیانی هەرێمی كوردستان نەهێڵێت كە بە خوێن و فرمێسكی میللەتەكەمان دامەزراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت كار و بەرنامەی بنەڕەتیی باشی ئەنجام داوە بۆ نەهێشتنی هۆكارەكانی كۆچ و بێكاری و هەروەها دۆزینەوەی سەرچاوەی دیكەی داهات و ژیان بۆ هاووڵاتیان و بایەخێكی زۆری بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانەی داوە، كە بە هۆكاری ئەمنی دەستی ئاوەدانكردنەوەی نەگەیشتووتێ و داواشی كرد، “هەموو لایەك هاوكاری حكومەت و پاڵپشتی بن، چونكە حكومەت هی خۆتانە و موڵكی گەلە”.